پاش شۆڕشی گه‌وره‌ی ۱۷۸۹ی فه‌ڕه‌نسه و دروست بوونی بیر و بزاڤی ناسیۆنالیستی و سه‌رھه‌ڵدانی دیارده‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌ورووپا و ھه‌روه‌ھا دوای شۆڕشه‌کانی نێوان ساڵانی ۱۸۴۸ـ۱۸۳۰ و سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌یی ئه‌و شۆڕشانه له دروستکردن و گۆڕینی قه‌واره‌ی سیاسی وڵاتان له سه‌ر بنه‌مای «یه‌ک نه‌ته‌وه ـ یه‌ک ده‌وڵه‌ت»، بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی وه‌ک په‌تایه‌کی گشتگیر ھه‌موو جیھانی ته‌نییه‌وه. ترووسکایی خسته دڵی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان و له‌رزی خسته ناوشانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان. نه‌ته‌وه دۆستی بوو به گوتاری زاڵ و به‌ھێزی سه‌ده‌کانی نۆزده و بیستی جیھان.
کاتێ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌کان به‌ر یه‌ک که‌وت، له زۆر شوێن نهتهوهدۆستییهکان به‌ره‌به‌ره ڕه‌نگێکی تۆختریان گرته خۆیان و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ له ھه‌مبه‌ر «ئه‌ویدی» خۆیاندا، دهمارگرژانهتر و توند و تیژانهتر ھه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد. له ئاکامیشدا بوو به یه‌کێ له پاڵنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ھه‌ڵگیرسانی دوو شه‌ڕه ھه‌ره خوێناوییه‌که‌ی یه‌که‌م و دووه‌می جیھانی که ته‌نیا به کوشت و بڕ و ئاواره‌یی و برسییه‌تی و نه‌خۆشی و … سه‌رده‌می شه‌ڕه‌کانه‌وه نه‌وێستا و کۆتایی نه‌ھات.به‌ڵکوو ھه‌ندێ برینی قووڵ و ناحه‌زی دیکه‌شی کرده سه‌ر ڕۆح و جه‌سته‌ی شارستانییه‌تی کۆنی مرۆڤایه‌تی که به دڵنیاییه‌وه جێگای به‌مزووانه خۆش نابێته‌وه، له‌وانه‌شه بۆ ھه‌تاھه‌تایه شوێن و که‌لێنیشی پڕ نه‌بێته‌وه و جێی داخی ئه‌م کاره‌ساتانه به ناوچاوی چه‌شنی به‌شه‌ره‌وه بمێنێته‌وه و شه‌رمی لێ بچۆڕێ و ئازاری ویژدان قه‌ت قه‌ت پای لێ نه‌بڕێ. نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستانی سه‌رده‌ست له ھه‌ندێ وڵات‌دا به دروشمی «یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک ده‌وڵه‌ت» بۆ گه‌ره‌نتی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری خۆیان و مسۆگه‌رکردنی خواسته پاوانخوازانه‌کانیان وه‌ک گه‌لی سه‌رده‌ست؛ له ڕێگای زۆر و سه‌رکوتکردنی سیستماتیک و نه‌خشه داڕێژراوه‌وه ھه‌وڵیان ده‌دا شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی گه‌لانی بنده‌سته‌ی ناو سنووره‌کانی خۆیان بتوێننه‌وه و له قاڵب و فۆڕمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا له قاڵبیان بده‌نه‌وه. به‌و ھیوایه‌ی بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پته‌وتر و تۆکمه‌تر بکه‌ن.
پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیھانی و ھه‌ره‌سھێنان و له به‌ر یه‌ک ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئێمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی ئه‌م چه‌شنه نه‌ته‌وه‌سازییه که له سه‌ر بنه‌مای زه‌وتکردن و پێشێلکاری مافه سروشتی، عورفی، ئایینی و یاساییه‌کانی نه‌ته‌وه و ئایین و ئایین‌زاکانی تر ده‌سته‌به‌ر ده‌بوو، به پێشه‌نگایه‌تی مسته‌فا که‌ماڵ ئاتاتورک و له سه‌ر ده‌ستی ڕژیمی پاشایه‌تی په‌ھله‌وی ئێران و ھه‌ندێ پاشای وڵاتانی عه‌ره‌بی و … ده‌ستی پێ‌کرد و گه‌شه‌یه‌کی زۆری کرد و ژینۆسایدێکی گه‌وره‌ی فه‌رھه‌نگی و ئایینی لێ که‌وته‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه قورسترین خه‌سار و زه‌ره‌ری نه‌ته‌وه‌سازی له ڕۆژھه‌ڵاتی ناوین، به‌ر گه‌لی کورد که‌وت. چون کورده‌کان به سه‌ر چوار وڵات‌دا دابه‌شکرابوون که ھه‌م له باری ڕه‌گه‌ز و ڕه‌چه‌ڵه‌که‌وه، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی وڵاته‌که‌یاندا جیاوازبوون و ھه‌م له باری ئایین و مه‌زھه‌بیشه‌وه له ھه‌ندێ وڵات‌دا جیاواز بوون.
لاوه تورکه که‌ماڵیسته‌کان، قه‌ده‌غه و قۆرغییهکی زۆریان له بواری فه‌رھه‌نگیدا به سه‌ر کوردانی وڵاتی تورکیادا سه‌پاند. نه‌ک ھه‌ر ئاخاوتن به زمانی زگماکی خۆیان و له‌به‌رکردنی جلوبه‌رگی کوردی‌یان قه‌ده‌غه کرد، به‌ڵکوو نووسین به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بیش که تا ئه‌و کات ھه‌م ئه‌لفوبێی زمانی فه‌رمی و ئایینی تورکیا و کوردیش بوو، له سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا به‌ری پێ‌گیرا؛ به مه‌به‌ستی دابڕان له پێشینه‌ی فه‌رھه‌نگی ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یی،ئه‌لفوبێی لاتینی له‌جێی دانرا؛ به‌ڵام نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی ھه‌ر به‌مانه‌وه نه‌وه‌ستا و ھه‌تا ئاستێ ھه‌ڵکشا که ده‌سه‌ڵاتدارانی شووینیستی تورکیا حاشایان له ھه‌بوونی گه‌لی کورد له وڵاتی تورکیا کرد و کورده‌کانیان به تورکی کێوی ناودێر ده‌کرد.
ده‌وره‌ی پاشایه‌تی پهھلهوییهکانیش ھه‌وڵێکی چڕوپڕی سیستماتیک ده‌درا بۆ یه‌کده‌ستکردنی گه‌لانی وڵاتی ئێران. له لایه‌که‌وه ئاخاوتن به ھه‌موو زمانه‌کان جگه له زمانی فارسی له داموده‌زگا فه‌رمییه‌کاندا قه‌ده‌غه کرا و زمانی په‌روه‌رده و بارھێنانیش ته‌نیا زمانی فارسی بوو. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له ژێر ناوی پڕۆسه‌ی لابردنی(که‌شفی) حیجاب و یه‌کده‌ستکردنی جلوبه‌رگدا، به شێوازی جۆراوجۆر زه‌ختێکی زۆریان خسته سه‌ر خه‌ڵک بۆ گۆڕینی جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان. له وڵاتانی عه‌ره‌بی سووریا و عێراقیشدا، پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌ب کردن و پاکتاوی نه‌ته‌وه‌یی به ھه‌موو چه‌شنێ له سه‌ر گه‌لی کورد تاقی کرایه‌وه؛ له بێبه‌شکردنی مافی شارۆمه‌ندی له ڕێگای پێنه‌دانی ناسنامه به کورده‌کان له سووریاوه بگره ھه‌تا گۆڕینی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی شاره کوردنشینه‌کان به ھاورده‌کردنی عه‌ره‌ب و ڕاگواستنی کورد، ئه‌نفال و بۆردمانی کیمیاوی ھه‌ڵه‌بجه، له عێراق ھه‌مووی له پێناو سڕینه‌وه و بنه‌بڕکردنی ئه‌م نه‌ته‌وه بنده‌سته‌دا بووه.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامی و ده‌رچوون و په‌سه‌ندکرانی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌م وڵاته؛ که‌مینه ئه‌تنیکی و ئایینییه‌کان به‌ھۆی ھه‌ندێ ئه‌سڵی وه‌ک پازده و نۆزده‌ی ئه‌و یاساوه خۆشییه‌کی زۆر له دڵیان گه‌ڕا و تا ڕاده‌یه‌ک دڵنیا بوونه‌وه که ئیتر له‌وه دوا، ھه‌م له سایه و سۆنگه‌ی ڕێنماییه‌کانی ئایینی ئیسلامه‌وه که ھیچ نه‌ته‌وه و زمانێک به سه‌رتر و له پێشتر له نه‌ته‌وه و زمانه‌کانی دیکه دانانێ و ھه‌م به ده‌سته‌به‌رکردن و گه‌ره‌نتی کردنی مافه زمانی و ئایینییه‌کانی تری ناو ئه‌و قه‌واره سیاسییه، نه‌ک نه‌ته‌وه سڕینه‌وه سیستماتیک و نه‌خشه داڕێژراوه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌په‌ڵی پاشایه‌تی په‌ھله‌وییه‌کان نامێنێ؛ به‌ڵکوو یاسا و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی کۆماری ئیسلامی، ده‌وڵه‌ته‌کانی خۆی ناچار ده‌کات ھه‌موو چه‌شنه ئاسانکارییه‌ک بکه‌ن بۆ دابینکردنی پێویستییه‌کانی خوێندن و نووسینی زمانی زگماکی قوتابیانی که‌مینه زمانییه‌کان له په‌نای زمانی فارسی‌دا، له قوتابخانه فه‌رمییه‌کانی ناوچه چه‌ند زمانه‌کان.
ئه‌گه‌رچی سیاسه‌ت و ھه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامی له یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه له چاو ده‌سه‌ڵاتی په‌ھله‌وی له بواری فه‌رھه‌نگیدا و به تایبه‌ت له بواری زماندا فه‌رقی ھه‌بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ھه‌تا ئێستاش که پتر له سی و حه‌وت ساڵ به سه‌ر دامه‌زراندنیدا تێده‌په‌ڕێت؛ ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌و چه‌شنه‌ی که مه‌به‌ستی یاسادانه‌ران و که‌مینه ئه‌تنیکی و زمانییه‌کان بوو، ھیچ کاری پێ نه‌کراوه، ته‌نانه‌ت گه‌ڵاڵه‌ی جێبه‌جێ کردنیشی دانه‌ڕێژراوه و به ھهڵاواسراوی ماوه‌ته‌وه.
ته‌نیا جارجارێک له سه‌فری که‌سایه‌تییه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا بۆ ناوچه دوو زمانه‌کان له په‌راوێزی قسه و باسه‌کانیاندا له ڕسته‌گه‌لێکی زۆر ته‌مومژاویدا، ھه‌ندێ به زمانی ئه‌و ناوچه‌دا ھه‌ڵده‌ڵێن و ھه‌ستی خه‌ڵکی پێ ده‌ورووژێنن و ته‌واو ده‌بێت. یان کاتی ھه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆک کۆماری؛ ھه‌ندێ له به‌ربژێره‌کان دروشمێکی سه‌ره‌کی لێ ساز ده‌که‌ن بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر؛ که‌چی ھه‌ر که ھه‌ڵبژاردنه‌کان کۆتایی ھات براوه بن یان دۆڕاۆ، ئیتر «گه‌زی چی و جاوی چی؟» و «په‌یمانی چی و دڵداری چی؟» بێدەنگی لێ ده‌ھێنن و ھه‌موو شتێ ده‌بڕێته‌وه.
به‌داخه‌وه میدیا و ڕاگه‌یاندنی گشتیش که وه‌ک کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دێمۆکراسی ناوی لێ ده‌برێت، ھه‌تا ئێستا، نه‌ک له سازکردنی گوتارێکی قووڵ و زاڵ و به‌ربڵاوی سه‌رتاسه‌ری، له سه‌ر بابه‌تی که‌مینه زمانییه‌کانی ئێران ڕۆڵێکی شیاوی نه‌گێڕاوه و خه‌مسارد بووه، بگره زۆرتر ده‌وری ناله‌باری گێڕاوه له ده‌مکوت کردن و دیزه به‌ده‌رخۆنه‌کردنی ئه‌و چه‌شنه باسانه‌ی تاک و ته‌را، لێره و له‌وێ له سه‌ر بابه‌تی ناوبراو ھاتوونه‌ته گۆڕێ. بۆ وێنه ھه‌موو ساڵێ چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی، کۆڕ و کۆبوونه‌وه، وتار و … له سه‌ر ئیدانه‌کردن و خه‌سارناسی یه‌کێ له دوو ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی پڕۆسه‌ی یه‌کده‌ست کردنی ڕه‌زاشای په‌ھله‌وی که لابردنی حیجاب بوو، ساز ده‌کرێت و ده‌نووسرێت؛ به‌ڵام جێی داخه که ھه‌تا ئێستا داموده‌زگا فه‌رمییه‌کانی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر ته‌وه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌و پڕۆسه که یه‌کده‌ستکردنی زمانی گه‌لانی ناو ئێران بوو نه‌ھاتوونه‌ته ده‌نگ و خۆیان به خاوه‌نی نه‌کردووه.
ئه‌مه‌ش مرۆ تووشی ئه‌و گومانه تاڵه ده‌کات که له خۆی بپرسێ: بێژی ھه‌ندێ لایه‌نی ناو ده‌سه‌ڵات له دڵه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆسه‌ی یه‌کده‌ستکردنی زمانه‌دا نه‌بن؟ یان له ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات دوو دڵ و په‌شیمان نه‌بن؟ که‌وا له‌گه‌ڵ ئیدانه‌کردنی ساڵانه‌ی لابردنی حیجابدا، ئه‌و پاکتاوکردنه زمانییه‌ی په‌ھله‌وییه نه‌ته‌وه په‌ره‌سته‌کان ئیدانه ناکه‌ن؟ غه‌یری ئه‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی ئایینی ئیسلام و مافی مرۆڤه‌وه هیچکه‌س مافی زه‌وتکردنی ھیچ کام له‌و مافانه‌ی نییه و ھه‌ردووکیان ھه‌ر تاوانن؛ یان ھه‌نگاوێکی عه‌مه‌لی بۆ جێبه‌جێکردن و چه‌سپاندنی ئه‌و ئه‌سڵه یاساییه ھه‌ڵناگرن که مافی زمانی، که‌مینه زمانییه‌کانی پێ دابین ده‌کرێت؟ کاتی پڕوپاگه‌نده‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی یازده‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران، حه‌سه‌نی ڕۆحانی، وه‌ک یه‌کێ له به‌ربژێره‌کان و سه‌ر به به‌ره‌ی ڕێفۆڕمخوازی ده‌سه‌ڵات، به‌یانێکی له ده خاڵدا بڵاوکرده‌وه که تێیدا داکۆکی له سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌سڵه ھه‌ڵواسراوه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو. له خاڵی چواره‌می ئه‌و به‌یانه‌دا نووسرابوو: «فێرکاری زمانی زگماکی ئێرانییه‌کان (کوردی، ئازه‌ری، عه‌ره‌بی و …) به شێوه‌ی فه‌رمی له قوتابخانه و زانستگاکان له پێناو جێبه‌جێکردنی بێکهموکووڕی ئه‌سڵی پازدەی یاسای بنه‌ڕه‌تی».
ئه‌گه‌رچی ئه‌م خاڵه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێستا و به‌ربژێره‌که‌ی ئه‌وسا له لایه‌ن باڵی ڕاستی ده‌سه‌ڵات و ھه‌ندێ له ئه‌ندامانی فه‌رھه‌نگستانی زمان و ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کرا و ھێرشێکی زۆری کرایه سه‌ر و ته‌نیا وه‌ک دروشمێکی ھه‌ڵبژاردن بۆ دەنگ کۆکردنه‌وه ناویان لێ ده‌برد؛ به‌ڵام حه‌سه‌نی ڕۆحانی دوای ئه‌وه‌ی به‌و دروشمانه ڕای گشتی خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت ڕای که‌مینه‌کانی به‌ره‌و لای خۆی ڕاکێشا و ده‌نگی لێ وه‌رگرتن و چووه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆماری؛ له بواری زمانی کوردی‌دا له پارێزگاری کوردستان دوو ڕووداوی سه‌رنجڕاکێش و به‌رچاو له ساڵانی نه‌وه‌دوسێ و نه‌وه‌دوچواری ھه‌تاویدا ڕوویان دا؛ که ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕووداوانه له ئاستی چاوه‌ڕوانی که‌ڵه‌که‌بووی سی و ئه‌وه‌نده ساڵه‌ی خه‌ڵکی ئێران‌دا نه‌بوو، به‌ڵام وه‌ک ده‌سپێک شیاوی به ھه‌ند وه‌رگرتن و ئاوڕ لێدانه‌وه‌یه؛ یه‌که‌میان لا شلکردنی ئیداره‌ی گشتی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای کوردستان بوو بۆ بڵاو کردنه‌وه و وتنه‌وەی په‌ڕتووکێکی ۶۸ لاپه‌ڕه‌یی به ناوی «وانه‌ی کوردی» له سه‌ر ده‌ستی مامۆستایانی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی خولی یه‌که‌می ناوه‌ندی سه‌قز و زێویه و ھه‌ر وه‌ھا چه‌ند قوتابخانه‌یه‌کی دیکه له شاره‌کانی سنه، بانه و دیوانده‌ره وه‌ک ناواخنی به‌شی شه‌شه‌می په‌ڕتووکی فارسی قوتابییانی پۆله‌کانی حه‌وت، ھه‌شت و نۆ. ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌ڕتووکه وه‌ک ده‌رسێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌خوێندرا و له ڕاستیدا پاشکۆی کتێبی فارسی بوو؛ به‌ڵام له فه‌زای مه‌جازیدا ھه‌ندێ ناڕه‌زایه‌تی به دوای خۆیدا ھێنا که ده‌وڵه‌ت به چاک و خراپ له سه‌ری نه‌ھاته جواب و نه‌یگرته خۆی.
دووه‌میان: دانانی ڕشته‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له زانستگا کوردستانی سنه و وه‌رگرتنی ۴۰ خوێندکاری خولی کارناسی له ڕێی ئه‌زموونی کونکووری سه‌رتاسه‌ری ساڵی ۹۴ی ھه‌تاوییه‌وه.
ھه‌ر وه‌ک پێشتر وتمان ئه‌م ھه‌نگاوانه شیاوی به ھه‌ند وه‌رگرتن، ئاوڕ لێدانه‌وه و ده‌ستخۆشی لێ کردنن؛ به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له ئاستی خواست و چاوه‌ڕوانی سی و شه‌ش ـ حه‌وت ساڵه‌ی خه‌ڵکدا نین و جێبه‌جێکردنی بێکهموکووڕی ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیش نین. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و ڕامانه ئه‌مه‌یه که بۆچی له جیاتی ئه‌وه‌ی له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه که به بڕوای ھه‌موو پسپۆڕان و شاره‌زایانی بواری فێرکاری زمان، گونجاوترین قۆناغ بۆ فێربوون و خوێندنی زمان، سه‌رده‌مانی منداڵی و مێرمنداڵییه دراوه بۆ قۆناغه‌کانی دواتر؟ بۆ چی بازنه‌ی خوێندنی فه‌رمی زمانێ که به ملوێنان ئاخێوه‌ری له‌م وڵاته‌دا ھه‌یه به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه بۆ یه‌ک زانستگای وڵات و یه‌ک ڕشته‌ی تایبه‌ت؟ ئه‌گه‌ر گه‌شبینانه ته‌ماشای بکه‌ین و وای دانێین وڵامه‌که ئه‌مه بێت که به‌ڕێژه‌ی پێویست مامۆستا و پسپۆڕی بواری فێرکاری کوردیمان نییه و پێویسته سه‌ره‌تا مامۆستای بۆ په‌روه‌رده بکرێت و دواتر ده‌ست بدرێته پڕۆسه‌ی جێبه‌جێکردنی ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خوێندنی زمانی زگماکی که‌مینه زمانییه‌کان له قوتابخانه‌کان، که وڵامێکی تا ڕاده‌یه‌ک ڕاست و گونجاویشه؛ ئه‌مجار سێ پرسیاری سه‌ره‌کی دیکه دێنه ئاراوه که سه‌قه‌ت بوونی ئه‌م ڕه‌وته‌مان بۆ ده‌رده‌خات:
۱ـ دوای چوار ساڵ چاوه‌ڕوانی بۆ ته‌واوکردنی خوێندنی کارناسی ئه‌م خوێندکارانه؛ چه‌ندیان ده‌بن یان ده‌کرێن به مامۆستا؟
۲ـ گریمان ھه‌ر ۴۰ خوێندکاره‌که‌ش بۆ مامۆستایه‌تی وه‌رگیران و بوون به مامۆستا، ئه‌و کات چه‌نده له پێویستییه‌کانی چوار پارێزگا کوردنشینه‌که پڕ ده‌که‌نه‌وه؟
۳ـ بۆچی ڕشته‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی ته‌نیا له پارێزگای کوردستان دانراوه و له چه‌ند پارێزگا کورد زمانه‌که‌ی دیکه و له تاران دانه‌نراوه؟
کۆتا قسه؛ ئه‌گه‌ر سه‌رۆک کۆمار و به‌ره‌ی ڕێفۆرمخواز نیازی ئه‌وه‌یان له دڵدا بێت که له سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان و له‌م خوله‌ی سه‌رۆک کۆماریدا، به‌ڵێنی جێبه‌جێکردنی ئه‌سڵی پازده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران ببه‌نه سه‌ر و به ھێنانه دی ئه‌م ئاواته مێژووییه‌ی که‌مینه زمانییه‌کان، دڵخۆشیان بکه‌ن و دڵ و ده‌نگیان بۆ خولی دوازده‌ی سه‌رۆک کۆماری به‌ره‌و خۆیان ڕاکێشن؛ ده‌توانن له‌م شه‌ش مانگه‌دا که بۆ ده‌سپێکی ساڵی تازه‌ی خوێندن واته ساڵی۹۵-۹۶ به ده‌ستمانه‌وه ماوه، چه‌ند خولێکی چڕ بکه‌نه‌وه بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی حه‌ز به وتنه‌وه‌ی ده‌رسی کوردی ده‌که‌ن و له‌م بواره‌دا خۆیان خاوه‌ن ئه‌زموونن، به‌مه‌ش کێشه‌که به شێوه‌یه‌کی کاتی چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به‌تایبه‌ت له ئێستادا که ھه‌م ڕێژه‌یه‌کی باش له ڕێفۆڕمخوازه‌کان ده‌نگیان ھێناوه و به‌شداری ئه‌م خوله‌ی په‌ڕله‌مان ده‌بن، ھه‌م زۆر سروشتییه که ھه‌موو نوێنه‌رانی که‌مینه زمانییه‌کان که ژماره‌شیان زۆره، پاڵپشتی له پڕۆسه‌ی خوێندنی زمانی زگماکی بکه‌ن و یارمه‌تیده‌ری بن. ئه‌گینا ده‌سپێکی پڕۆسه‌ی جێبه‌جێکردنی ئه‌سڵی پازده به‌م شێوه‌ی ئێستا، زیاتر له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و چاوبه‌ستن و ده‌مبه‌ستن ده‌چێت به‌تایبه‌ت بۆ عه‌ره‌به‌کان و ئازه‌رییه‌کان که چه‌ندین ساڵه زمانه‌که‌یان له زانستگاکان‌دا وه‌ک وانه ده‌وترێته‌وه و ده‌خوێندرێت.
کد خبر: 18358
ویرای ریز و ماندوو نه بوون بو کاک ” زاهید ” ی خوشه ویست و سه رجه م هاورییانی به ریزیان ، ئه و په رتووکه که باسی لی کرا به راستی کاریکی گه وره و به نرخه ، هیوادارم بو پوله کانی سه ره تاییش کاریکی ئاوا بکریت ، هه لبه ت ئه بی به و باوه ره بگه ین له م بواره دا به هیچ شیوه ییک نابی هیوامان به یارمه تی ده سه لات و ده زگا و لایه نه حکوومیه کان بیت و خومان ئه بی قولی بو هه لمالین . . دیسانه وه ده ستان خوش و له شتان ساخ بیت . . .
پاسخ دهید