چهارشنبه، 29th اکتبر 2008
عومهرساڵحی ساحێب

عومهرساڵحی ساحێب
مامۆستا عومهرساڵحی ساحێب که نازناوی شێعری “کۆلیل” ی بۆ خۆی دیاری کردوه ساڵی 1324 ی هه‌تاوی له گوندی “دایه‌سڵێمان” ی ناوچه‌ی ساحێبی سه‌قز له دایک بوه و هه‌رله‌وێ له خزمه‌ت مه‌رحوومی باوکی دا (محه‌ممه‌دسادق کوڕی میرزاساڵح ساحێبی) ده‌ستی کردوه به خوێندنه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌وکات دواتر به پێی خوێندنی باوی سه‌رده‌م چوه‌ته حوجره‌کان وله گه‌لێ شوێن وناوچه‌ی کوردستان له خزمه‌ت مامۆستایانی سه‌رده‌مدا وه‌ک مامۆستا مه‌لائه‌حمه‌دی نمه‌شیری ، مه‌لاحه‌سنی ئه‌دیبی ، مه‌لاجه‌لال محه‌ممه‌دی ، مه‌لاشێخ حسه‌ین عه‌لایی ئه‌رده‌ڵان ، مهلاکامیل نه‌قشبه‌ندی و …. توانی وانه‌کانی سه‌رده‌م تێپه‌ڕێنێت و زانیاری خۆی په‌ره‌پێ بدا‌و بۆ ماوه‌یه‌ک له ناوچه‌کانی دیوانده‌ره به‌تایبه‌ت گوندی “باخچه‌ڵه” وه‌ک مامۆستا‌و پێش نوێژ خزمه‌ته ئایینیه‌کان وزانیاری پێش که‌ش به خه‌ڵکی ناوچه‌که بکات.
له ساڵی 1357 هه‌تاوی دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران مامۆستا “عومهرساڵحی ساحێب ” وازی له مه‌لایه‌تی هێناو به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بوه مامۆستای قوتابخانه‌کانی شاری سه‌قز و ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ ره‌خسا هه‌تا له گه‌ڵ مناڵان ولاوانی گه‌له‌که‌یدا پێوه‌ندی روومه‌ت به روومه‌ت وچاو به چاوی ببێت .
له ساڵی 1342 وه‌وه ده‌ستی داوه‌ته قه‌ڵه‌می شێعری و به زمانه‌کانی کوردی وفارسی وعه‌ره‌بی شێعری هۆنیوهوتهوه و له ساڵی 1363 هه‌تاوی یه‌که‌م به‌رهه‌می شێعری به ناوی “لهههرچیمهنێ دیمه‌نێ” بڵاوده‌کاته‌وه له ساڵی 1366 دا “گوڵی خوێناوی ” بڵاوده‌کاته‌وه که هونه‌رمه‌ندی خۆشنووس کاک “جه‌میل که‌ریمی ” به شێوه‌یه‌کی جوان شێعره‌کانی بۆ نووسیوه‌ته‌وه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیشی له سه‌ر ئه‌رکی دڵسۆز ونووسه‌ری کورد به‌ڕێز کاک “سهیدعهبدوڵڵاسهمهدی” له شاری مه‌هاباد له چاپ دراوه
مه‌لاعومه‌ر به پێی هه‌ل ومه‌رجی ژیانی خۆی وپه‌روه‌رده‌و قاڵ بوون له نێو حوجره‌و فه‌قێیان وزانایان دا گه‌نجینه‌یه‌کی به‌نرخی وشهرو زاراوه‌کانی له لای خۆی کۆکرده‌وه که له گه‌ڵ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ناسک خه‌یاڵی و وردبینی یه‌کی تایبه‌ت دا بوه ئه‌وشاعیره‌ی که ئه‌مڕۆ له دیوه‌خانی شاعیرانی کورده‌واری دا پله‌وپایه‌و رێزێکی تایبه‌تی هه‌یه .
له گه‌ڵ گه‌لێک له مامۆستایان وشاعیرانی هاوچه‌رخی خۆیدا دیدار‌و نامه‌گۆڕینه‌وه‌یان هه‌بوه یه‌ک له‌وان مامۆستا “حه‌قیقی” که له سه‌ر کتێبی ئه‌سرینی ئاڵ بۆی ده‌نووسێت و ده‌ڵێ :
کۆلیل مامۆستای فهرزانهو زانا
وه‌ستای جیناسان زانا له مانا
کۆلیلی وردی هێژای کوردی نووس
رۆڵه‌ی نه‌دیاری ده‌ست وقه‌ڵه‌م لووس
غه‌واسی ده‌ریای گهوههرشناسی
ئه‌لحه‌ق وهلئینساف ئه‌دیبێ خاسی
ئه‌سرینی ئاڵم تماشاکردن
به واژه به‌رزن به مانا وردن
شاری ئه‌وینم کرده نموونه
مشتێ له خه‌روار له‌به‌ر ئه‌زموونه
کێ دیوانده‌ره‌ی نه‌زانی کوێیه
هه‌رکه خوێندییه‌وه خه‌ڵکی ئه‌وێیه
بیری وردی تۆ له‌و مه‌زرا شینه
خشڵی به‌رمووری بووکی ئه‌وینه………
هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی مامۆستای ئه‌دیب
لهبیبی بێ ناو هه‌روه‌کوو غه‌ریب
ئه‌تۆ ساڵحی دۆستی حه‌قیقی
ته‌مای دۆعاتم به هۆی ره‌فێقی.
(بۆکان ره‌شه‌مه‌ی 1364)
مامۆستا کۆلیل هه‌تا ئێسا 6 کتێبی پێش که‌ش به کتێبخانه‌ی کورده‌واری کردوه که بریتین له :
1- لهههرچیمنێ دیمه‌نێ
2- گوڵی خوێناوی
3- ئه‌سرینی ئاڵ
4- بزه‌ی شه‌و
5- ته‌کش وعه‌زیز
6- دووبهیتیهکانی ساڵحی ساحێب
هه‌روه‌ها چه‌ند به‌رهه‌مێکی دیکه‌یشی ئاماده‌ی چاپ وبڵاوبوونهوهن له نێو ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا “ئه‌سرینی ئاڵ ” وه‌ک کتێبێکی وه‌رگێڕدراو دێته ئه‌ژمار که مامۆستا زۆر شاره‌زایانه (بابی هه‌شته‌می گوڵستانی ) سه‌عدی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌رزمانی کوردی و له باتی وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌و ده‌قاوده‌ق “کوردانوویهتی” و گوڵستانێکی دیکه‌ی به کوردی داڕشتوه‌ته‌وه.
چه‌ند به‌شێک له دووبهیتیهکان وشێعره‌کانی ئه‌مانه‌ن :
به قرچه‌ی سینه‌ما، هاوینی ده‌ردم
به ئاخی ناخما زستانی سه‌ردم
وه‌کوو پاییز تێکه‌ڵ بووی به‌هاره
له نێوجامی جه‌ماڵت ره‌نگی زه‌ردم
به بیری ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌ن ئه‌وینه
درێژه عومری گوڵ ، یه‌ک هه‌فته شینه
شه‌می رووت هه‌ڵکه با گیانم بسووتێ
ژیانی یهکشهوهی په‌روانه ژینه
بریقه‌ی پووڵه‌که‌ت وه‌ک ورده‌شیشه
ئه‌چێته چاوی جه‌رگمدا هه‌میشه
که بۆ هه‌ورم گه‌ڕانۆ ئه‌م هه‌واڵه
له‌داخا شین وزاری بوو به‌پیشه
به گوێچکه‌ی دڵ ده‌بیسم یا خه‌یاڵه
ده‌فه‌رمووی وه‌سڵی من بۆتۆ محاڵه
قه‌ڵاچۆی تێکه‌وێ یاره‌ب درۆزن
هه‌ناسه‌ی ئاشقی زاری حه‌واڵه
به‌شی عاله‌م له رۆژێکا کرا به‌ش
له ره‌ش ههڵکردنا بووینه برابه‌ش
ئه‌تۆ چاو وبرۆ وخاڵ وقژت که‌وت
برایه به‌ر منیش به‌خت وشه‌وی ره‌ش
ئه‌گه‌ر قاره ئه‌گه‌ر نازه ئه‌گه‌ر رێسک
به‌سه ، خه‌نجه‌ر بریقه‌ی دای له سه‌ر ئێسک
به گریانی عومه‌ر زوڵمه که‌نینت
گه‌لێ خنکا گوڵی قاقا به فرمێسک
ئه‌گه‌ر هه‌ڵدێ له ئاسۆی لێو بڕێ جار
بزه‌ی کز هه‌ڵگه‌ڕاوم وه‌ک هه‌تیوبار
ئه‌وه رووبه‌ندی سه‌ر کوڵمی گرینه
له به‌ر ره‌قیبی توخن وشۆڤار
خزایه باخه‌ڵم پیرێژنی ده‌رد
به کۆڵێ به‌فرو ئه‌ندامێ سڕوسهرد
که‌لی چڵکن له زستانی دڵی من
ده‌له‌رزێ هه‌ر وه‌کوو شووشه له به‌ر به‌رد
کله‌ی چاوی خه‌یاڵه خاکی ژێر پێت
له شوێنت وێڵه پیر وێڵهت به گژ چێت
له جێی لێو نوێنه‌ری ماچی گڵێکه
گوڵێ وه‌ک تۆ به نازۆ پای له‌سه‌ر نێت
به ئه‌و قه‌ولانه رۆژانی هه‌وه‌ڵ دات
وتم: ئه‌ڵبه‌ت شه‌وی ره‌ش چوو شه‌وه‌ق هات
تمه‌س نه‌مزانی ره‌نگی شه‌و په‌ڕی بوو
سپی وا هه‌ڵگه‌ڕابوو سهرکزومات
تکێ ئه‌شکم له خه‌ودا که‌وته سه‌ر رووت
خه‌ریک بووم بیسڕم نه‌ت هێشت وفهرمووت:
به شه‌ونم روومه‌تی رووتی گوڵاڵه
ده‌سێنێ ئاو له چاوی له‌عل ویاقووت
له عاسمانی ژیانم دا هه‌ساره‌ی
له خه‌رمانی گیانم دا شه‌واره‌ی
ئه‌ڵێن کۆبوونه‌وه‌ی دوو دژ محاڵه
که‌چی تۆ ژین و مه‌رگی ئه‌م هه‌ژاره‌ی
که‌مه‌ندی خۆت خه‌تاکاره به من چی
به داۆ وبووت سیا چاره به من چی
“عه‌مه‌ر” بوو به نه‌چیرت خۆی‌و به‌ختی
کزه ، کۆلیله ، ساکاره ، به من چی
“ده‌روون”
ده‌روون کێڵانی هیجران وپه‌ژاره‌م
منی ده‌ریا له مانگی خۆم غه‌واره‌م
وه‌ها ژه‌نراوه ده‌رکی وه‌سڵی تۆ لێم
له ئاسۆی دوژمنۆ هه‌ڵدێ هه‌ساره‌م
که مردم دڵ له سینه‌م ده‌ربهێنن
ژیانی بێ نه‌مانم بۆ بسێنن
شه‌ره‌فخانه‌ی ئه‌وینم با نه‌رووخێ
له گیانی ده‌رده‌دارێکی بچێنن.
“له‌خه‌وما”
له‌خه‌وما شاگوڵی ماچی دزی لێوم له لێوانت
له ده‌ستی گرتبوو وه‌ک خه‌و خه‌یاڵم جووته سێوانت
له تاریکی شه‌وی زوڵفت که تێپه‌ڕ بوو خه‌یاڵی دز
به تۆڕی روومه‌تت هه‌ر وه‌ک په‌پووله بوو به قوربانت
به ئه‌و تیاچوونه رازی بوو که ده‌مدی دووکه‌ڵی شاری
له باڵی هه‌ڵفڕینی هه‌ڵ ئه‌سا ئه‌وساته سووتانت
له خۆڵی باڵی سووتاوی خه‌یاڵی کرده بۆسۆ دڵ
که سووتاوت شیاوه بۆ برینی تیری موژگانت
له خه‌وما خه‌وتبوو کۆرپه‌ی سه‌رنجی هه‌ردوو چاوانم
وه‌کوو دوومهردومی دیده له ماڵی هه‌ردوو چاوانت
به گه‌رمی شه‌رمی شه‌هلا نێرگزن چاوی تماشا مرد
له خۆشی وهسڵهتا هه‌روه‌ک له ترسی ده‌ردو هیجرانت
له خه‌وما باڵم ئاڵا بوو له ده‌وری گه‌ردنی به‌رزت
گه‌مارۆی گه‌ردنی دابووم دوو زه‌نگی واته زوڵفانت
وه‌باڵی عاشقی دڵ پڕ له ناسۆرم به ئه‌ستۆ بێ
سه‌روسامانی ، دریا گه‌رده‌نم ئه‌و کاته خنکانت
له خه‌وما چاوی خۆر پڕ بوو له گڵ گڕ به‌ربوه گیانی
به زه‌رده‌ی له‌علی رۆمانی وبه گرشه‌ی روومه‌تی جوانت
رقی هه‌ستا ره‌قیب وه‌ک رقه ره‌ق بۆ مه‌راقی کرد
که دیتی وه‌ک عومه‌ر خۆر ئاگری تێچوو له چاوانت.
به‌یتی ” ته‌کش وعه‌زیز”
یه‌کێکی دیکه له کتێبه‌کانی مامۆستا عومهرساڵحی ساحێب به‌یتی مێژوویی “ته‌کش وعه‌زیز” زی ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌یه که مامۆستا له زاری خه‌ڵک وسه‌رچاوه‌کانی ناوچه‌ی”حسه‌ین ئاوای” نێوان دیوانده‌ره سنه‌و له گونده‌کانی که‌ژیکه‌ران،(سایهسهران) ی خواروو وژووروو . کێله‌چه‌رموو، سادق ئاوا،(پشت ته‌نگ) ، (شێرکوژ)ی گهورهوچکۆڵه ، که هه‌موویان سه‌ربه هۆزوخێڵی “مه‌نمی “ن وه‌ری گرتوه‌و نووسیویه‌ته‌وه له‌دووتۆی کتێبێک‌دا پاراستوویه‌تی و له ساڵی 1384 هه‌تاویدا چاپ وبڵاوی کردوه‌ته‌وه.
“چۆنیه‌تی رووداوه‌که”
له ناو هۆزی مه‌نمی دووبرای شۆڕه‌سواری لاو چاک‌و نهونمامیان تیا ئه‌بێ ، یه‌کیان به ناوی عه‌زیز و ئه‌وی تریشیان به ناوی ته‌کش (مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی ل 140) له ساڵی 1339 ی کۆچیدا هه‌ردووکیان ده‌کوژرێن . گۆڕه‌که‌یان له دێی “یه‌نگی یه‌رخ” ه له نزیک دیوانده‌ره‌ی سه‌قزه‌وه. ئه‌مه راسته که گۆڕی ته‌کش وا له دێی یه‌نگی یه‌رخ، به‌ڵام بێ گومان ته‌رمی عه‌زیز له دوای تیرباران کردنی له دێی “ئه‌فراسیاو”ی ناوچه‌ی ساڕاڵ نێژراوه. دووبرای تریشیان واته : ئهولمحهممهدو ئهولسهمهد له سنه تیرباران ئه‌کرێن و له گۆڕستانی تایله ده‌نێژرێن . خه‌ڵکی ئه‌فراسیاو و هه‌موو ناوچه‌که‌یش ئه‌مه‌یان سه‌لماندووه.
ئه‌م دوو برایه به هۆی جوامێری و ئازایه‌تی یه‌وه له لای خه‌ڵکی ناوچه‌که ، زۆر خۆشه‌ویست بوون و به‌و بۆنه‌شه‌وه هه‌رچه‌نده له بنه‌ماڵه‌ی جووتیارێکی ئاسایی و دێهاتی ده‌بن به عه‌زیزخان وتهکش خان بانگیان لێ ئه‌کردن. عه‌زیز ساڵی 1316 و ته‌کش خان‌یش له ساڵی ا318 ی کۆچی مانگی له دێی “کهڵوڕاوا” له دایک ئه‌بن . به‌م پێ یه ته‌مه‌نیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا له 22 و 20 ساڵ زیاتر نه‌بووه، ئه‌ودوو شۆڕه لاوه له گه‌ڵ 26 سوار له سواره جه‌نگاوه‌رو تفه‌نگچی یه به جه‌رگه‌کان و دوو برای دیکه‌ی خۆیان به‌و ناوانه‌ی پێشه‌وه ئه‌توانن خۆیان له‌و شه‌ره ده‌ربکه‌ن . له پاشان ئه‌م سوارانهو ئه‌و چوار برا به هه‌ر جۆرێک ئه‌بێ خۆیان ئه‌گه‌یه‌ننه کێوی زێڕاوا (که کێوی کوچک سووروتهلوان توو، یشی پێ ئه‌ڵێن ).
کێف تهلوان تووی مه‌نته‌قه‌ی گه‌ڕووس
لاله‌ی گیاهان چون تاج خووروس)
“سابیری”
له ده‌وری ئاوایی یه‌کانی “ئیبرایم ئاوا”ئاڵ بڵاغ” له سه‌ر جاده‌ی قیره‌تاوی سنه- دیوانده‌ره هه‌ڵکه‌وتوه و چه‌ند وه‌ختێک عه‌زیزوته‌کش و هاوه‌ڵه‌کانیان له‌و کێوه سه‌قام گیر ئه‌بن و ئه‌مێننه‌وه هه‌تا سه‌ره‌نجام وه‌ک هه‌میشه‌ی رووداوه‌کانی مێژووی خه‌بات ی کورد سیخۆرهکاسهلێسهکان راپۆرتیان لێ ئه‌ده‌ن. ئیتر:
شا فه‌رمانی دا به سوپا سالار
هێرش با له‌شکر هه‌مووی به یه‌کجار
له سه‌دا یه‌کێک ئه‌گه‌ر بمێنێ
سه‌ری عه‌زیزوته‌کش بهێنێ
“میرانی”
به پێی ئه‌وفه‌رمانه لهشکروسوپای شه‌ریف ده‌وڵه ی کاشانی په‌لاماریان دا بۆ سه‌ر عه‌زیزوته‌کش و هاوڕێکانیان و ده‌وری کێوه‌که‌یان له هه‌موو لاوه دا.
هێرشی سوپا له هه‌موو لاوه
هات بۆ ده‌ورو پشت چیای زێڕاوا
“میرانی”
چه‌ند شه‌و ورۆژ شه‌ڕه‌که ئهخایهنێد ته‌نانه‌ت چه‌ندکه‌س له خه‌ڵکی ناوچه‌که ئه‌یانوت شه‌ڕه‌که سێ مانگ درێژه‌ی کێشاوه ، به‌ڵام له ئه‌نجامدا فیشه‌ک وکه‌ره‌سه‌ی شه‌ڕیان نامێنێ وهه‌موو ئهوجهنگاوهرانه به دیل ئه‌گرن. ئه قسهوباسهیش له ناوچه‌که‌دا هه‌یه که عه‌زیزوته‌کش له کاتی شه‌ڕکردندا به شێعر یه‌کتریان ئهدواندو بانگیان له یه‌کیتر ئه‌کرد. بۆ وێنه ته‌کش به عه‌زیز ئه‌ڵێ :
کاکه‌گیان تۆ بچی سه‌نگه‌ر لای سه‌ره‌و
زۆری هاهردهو هاتوهسه به‌ره‌و
ئه‌شێ زه‌برێکی بۆ بخهمهکار
ژیانی تاڵ که‌م وه‌کوو ژه‌هری مار
یه‌ک گولله‌ی ده‌تیر بکه‌م وه‌قوروانی
مه‌یتی بنێرمهو وهقهومهکانی
شه‌رته هه‌زاریان بکه‌م وه‌کۆی زووخاڵ
با بوونه خۆراک په‌ری وقه‌ل وداڵ
عهزیزخانیش هه‌ر به‌ده‌م شه‌ڕکردنه‌وه جوابی ئه‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ:
بڕۆ سابڕۆ خوا یارت بۆ
شه‌خس شێخ شه‌ره‌ف نگادارت بۆ
له‌عنه‌ت له‌وسه‌ره ناحه‌ق ئه‌خه‌فێ
قوربان ئهلاشه بێ سه‌ر ئهکهفێ
تف له ناوچاوی ترسه‌نۆک وپهس
ره‌حمه‌ت له‌و که‌سه وا خیره‌تی هه‌س
کوڕێ بۆقهوم وبراکه‌ی شهڕنهکا
کفنه‌که‌ی وههۆن سورخ وتهڕنهکا
دایک نه‌ی وێنێ وروو له‌زه‌ره‌ر وێت
لاشه‌ی وه خوراک حه‌فی حه‌وسه‌ر وێت
ته‌کش خان هه‌روه‌ک عه‌زیزخان جگه له دڵ وجورئه‌ت و ئازایه‌تی و بوێژی ، ده‌نگێکی زوڵاڵ وزۆر خۆشی ده‌بێ ، مه‌قامی هۆره‌ی زۆربهچاکی وتووه ، وه چون بۆ خۆی شاعیر‌و بوێژ ده‌بێ شێعری هۆرهکهیش هه‌ر بۆ خۆی وتوویه‌تی . به‌م بۆنه‌وه کاتێ به دیلی ئه‌یگرن و ئه‌یانه‌وێ له ڕووبه‌ڕووی ئاوایی “یه‌نگی یه‌رخ”دا تیربارانی بکه‌ن پێی ده‌ڵێن ، ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه که‌مێک به‌و ده‌نگه خۆش وهۆره پڕسۆزهت خۆت بلاوێنیته‌وه گه‌ر بێت و له شه‌ریفه دهوڵهیش بپاڕیتهوه ره‌نگه بتبه‌خشێ. ئه‌ویش ده‌س به‌جێ به‌م شێعرانه‌ی خواره‌وه رازونیازی ئه‌هوورایی (هۆره) ده‌ست پێ ده‌کات که ده‌ڵێ :
فه‌له‌ک چه‌نی من که‌چ نهردێ شانا
ئه‌ی تالع سه‌خت وه‌پێم نمانا
ئاخ ئیسه بازووم ئازادبوو له به‌ن
تا شه‌ریف ده‌وڵه‌م بکردایه وه‌په‌ن
یه‌ک عه‌ده‌د تفه‌نگ چه‌نێ سێسه‌د تیر
ئه‌رمه بۆ وه‌لام چون شێر شێرگیر
شه‌ریف ده‌وڵه پێش مه‌دام فه‌رار
تا خاک کاشان نهیگردا قه‌رار
شه‌ریف ده‌وڵه‌م وهیتهور ئه‌سووتان
گه‌ردش وه‌ده‌م باو بڕوا تا کاشان
ته‌کش مناڵه ناڵه‌ت بێ سووده
ده‌وران ده‌نی ، ههربوود نابووده
کاڵای بێ که‌سی به باڵام بڕیان
زه‌نگ به‌دناویم له عاله‌م زڕیان
کوا بۆ تایفه‌و عێل وتهبارم
له‌ی وه‌قت ته‌نگا بێن وههاوارم……
ده‌قی به‌یتی “ته‌کش وعه‌زیز”
دهن له سێ ته‌پڵه وهمل ئه‌ی شاندا
هه‌رسێ با، بای وهمل گۆران‌دا
سوارهل مه‌نمی سه‌ف بوون وهجهم
سه‌ر عه‌زیز ده‌رکه‌ن له له‌شکر عه‌جه‌م
عه‌زیز وهلاکهل ، ته‌کش وه حه‌ف تیر
ها وه‌خته بیۆ حه‌سه‌ن خو له‌شیر
ماینه‌که‌ی ته‌کش له وێسان نایێ
له‌شکره‌که‌ی عه‌جه‌م هه‌ر دوایی نایێ
(ماینه‌که‌ی ته‌کش له وێسان نایێ
له‌شکری مه‌نمی له کوێسان نایێ)
باڵۆنی وا هات له تارانه‌وه
خول ئه‌خوارد وهدهور عهزیزخانهوه
بۆمبایێ به‌ربوو لهوباڵدارهوه
عه‌زیز زامار بوو وه‌سه‌د سواره‌وه
عه‌زیز بۆچ ده‌نگت نایێ له مه‌یدان
سه‌نگه‌ر سه‌رپێڵ ، پڕیه له ئێران
وه‌گوله‌ی وه‌رشه‌و دریا له باڵم
عاله‌م نهسرهفتن ئه‌مشه‌و له حاڵم
کێ سواری بوێ کوێته‌ی که‌فه‌ڵ پان
(کێ حه‌ق بسێنێ له شاکه‌ی تاران)
بێژن وه‌خاسێ خۆی بخا له ته‌خت
عه‌زیزوته‌کش چوون وه پایته‌خت
ده‌رزییه‌که‌ی یه‌خه‌ی بنێرێ بۆ لام
شه‌وسوو ئه‌م عانه ئه‌مکه‌ن وه نمام
بێژن وهدایکم له‌چکه‌که‌ی ره‌ش کا
له‌ته‌ک براکه‌م ماڵه‌که‌ی به‌ش کا
شه‌ریفه ده‌وله‌ی کۆنه کاشانی
ته‌کش وعه‌زیزی وه بێکه‌س زانی
هه‌زاری هاورد رووس رووسیا
هه‌زاری هاوردئینگلیس به‌دخوا
هه‌زاری هاورد له تارانه‌وه
هه‌زاری هاورد له کاشانهوه
هه‌زاری هاورد خێڵ په‌ڕۆ خوه‌ر
هه‌زاری هاورد له قه‌وم قه‌جه‌ر
چوار بلووکی گرت له هه‌ر چوارلاوه
ته‌قه‌ی تفه‌نگه له کێف زێڕاوا
ته‌کش مناڵوو نهیکردوو داوا
وه‌ک مه‌ل ئهفڕیا له که‌ل زێڕاوا
(ته‌کش مناڵوو نهیکردوو داوا
وه‌ک مه‌ل ئه‌یزیڕان له کێف زێڕاوا)
ته‌کش وعه‌زیز هه‌ردوو براوین
لایه‌ق به جێگه‌ی نه‌سره‌دین شاوین
له که‌ل زێڕاوا وه‌ی ته‌قه‌و ترمه
عه‌زیزوته‌کش کردیانه قرمه
له کێف زێڕاوا بوو وه هه‌ی بگیر
تورکان وه قه‌مه ته‌کش به ده‌تیر
تهقهیێ بکه‌ن ته‌قه‌ی دووراودوور
به‌شکه بژنه‌فێ حه‌سه‌ن خوله سوور
له کێف زێڕاوا بوو وه هه‌مهه‌مه
ته‌کش وه حه‌فتیر تورکان وهقهمه
تفه‌نگه‌که‌ی ته‌کش خه‌ته‌ری نیه
له‌شکره‌که‌ی مه‌نمی ئه‌سه‌ری نیه
سوار بوو وهکوێته کوێته‌ی که‌فه‌ڵ لووس
شمشێر هه‌ڵکێشا په‌ی محاڵ گه‌ڕووس
عه‌زیز بانگی کرد ته‌کش بێرهبان
سهنگهریهل گیران وه‌گوله‌ی ئاڵمان
سه‌رزین نه‌رمه‌زین ته‌واو گوڵاوه‌توون
عه‌زیزخان پێکیا به‌ر له قاوه‌توون
تفه‌نگی خسته بان کوچک سێ برا
وه‌ته‌نیا ده‌سێ دوشمنی پێکا
داخ بێ فیشه‌کی کردوومی زه‌لیل
ته‌کش ئه‌مانه لێم مه‌گره ده‌لیل
ته‌کش خان وه‌ده‌م قیروقاچهوه
وه‌گوله‌ی ورشه‌و قهجهرپاچهوه
سوێنی خوارد وهجهد سادات که‌وڵه
سهرناخهفێنم بۆ شه‌ریف ده‌وڵه
ترسێکم نیه من له شای ئێران
قڕ ئه‌خه‌م وه‌ناو سوپای بێ سامان
شه‌ماڵ توویتوو خوا کاره‌که‌م گیره
بچۆ بۆ لای رابێ کچ میرزای پیره
له جیاتی ته‌کش پیبێژه به‌شکم
خۆزگه جارێ تر ئه‌مبینی وه چهمهم
سه‌ر ئه‌نیا وه‌بان زام باڵه‌که‌م
تون تون ئهیپێچا وهلۆی شاڵه‌که‌م
خوا نه‌مکوژێ ، سه‌ر نه‌چێ وه‌دار
دوژمن ئهڕفنم تا دیانه‌ی هه‌وشار
خوا نه‌مکوژێ زه‌وی نهم دزێ
(له‌شکر ئه‌ماڵم با شا بله‌رزێ)
باڵینهی هاتوو له تارانه‌وه
زام عه‌زیزخانی ئهکولانهوه
باڵینه چه‌رموو ده‌رچوو له تاران
خولی خوار وه‌بان زام ته‌کش خان
له کێف زێڕاوا عه‌زیز زاماره
هه‌ر چاو له رێگه‌ی خێڵ دۆناره
ئه‌ی ناڵان وه‌ده‌م زام سه‌خته‌وه
وه یاد خاسه‌ی سیا به‌خته‌وه
بێژن وه‌خاسێ سیگار نه کێشێ
له‌چکه په‌شمه‌که‌ی له خوم هه‌ڵکێشێ
بێژن وه‌خاسێ خۆی بگرێته نه‌فت
لاشه‌ی شێره زه‌رد له مه‌یانا که‌فت
(بێژن وه‌خاسێ خۆی بگرێته نه‌فت
لاشه‌ی شێره زه‌رد بریا بۆ مزگه‌فت)
(ده‌رزی یه‌خه‌که‌ی بنێرێ بۆلام
شه‌وسوو ئه‌م عانه ئه‌مکه‌ن وهنهمام)
بێژن وه‌خاسێ باڵانهونهمام
عه‌زیزخان ئه‌یوت فدای باڵات بام
تۆ سڵامه‌ت بای عهزیزهت مه‌رده‌ن
خۆی وه‌قوروانی باڵای تۆ که‌رده‌ن
ماینه‌که‌ی عه‌زیز شه‌و وهزێنهوه
یاڵ ودوم بڕیاو په‌ل وه‌خوێنه‌وه
ماینه‌که‌ی ته‌کش ده‌رچوو به‌ره‌و ماڵ
خه‌ڵتان خوێنی وی له دوم تا وهیاڵ
دایکه که‌ی عه‌زیز ده‌س وهئاردهوه
خاڵگهل میرانی یه‌ک یه‌ک شارده‌وه
کوێته بۆ خوا لاشه‌م بیماره
پێم بێژه کوڕیه‌ل کامیان زاماره
کوێته هه‌ی کوێته کوێته‌ی کاسه سم
ده‌نگ وباست چه‌س له ههمزهقاسم
هه‌ڕۆ واوه‌یلا ئاخۆم خه‌وه‌ر چه‌س
هه‌ره‌س وهماڵم کوڕیه‌ل چوون له‌ده‌س
تیپه سوارێکم چون عێل که‌یانی
چه‌رخی چه‌پی واز کردنی فانی
عهزیزخانم رؤ ته‌کش خانم رۆ
شۆڕه‌سواره‌که‌ی خێڵ میرانم رۆ
شاوفهرهج خان وعهودوڵڵاخانم رۆ
ئاغای ئێلخانی ساحێو نانم رۆ
چێخگهل یه‌خته پێچ تێڵا داڵه‌واز
ئاغاکان کوژیان خانمه‌کان بێ ناز
رابێ رای ته‌کش خوێن ههڵاوهردهن
خاسێ بێ هۆشهن عه‌زیزه‌ش مه‌رده‌ن
ده‌وار بپۆشن بیخه‌ن وهگهردهن
سا قوڕ بپێون ئاغاتان مه‌رده‌ن
سه‌رداران ته‌واو وهناکام کوژیان
خوێن جه‌وانان وهزهمین رژیان
سهرعێڵ سه‌رنگوون تایفه غه‌مبار
مله‌ت پهڕگهنده له دێهات وشار
هه‌م کورد هه‌م گۆران خۆ بگرن له خوم
خوێنی عه‌زیزوته‌کش نه‌که‌ن گوم.
مامۆستا کۆلیل له ژیانی هونه‌ری وئهدبی خۆیدا له گه‌لێ سمینار‌و کونگرهو کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بیه‌کان دا به‌شدار بوه له زۆربه‌ی گوڤاره کوردیه‌کانی کوردستانی ئێران و هه‌نده‌ران دا به‌رهه‌می بڵاو بوه‌ته‌وه
به خۆشییه‌وه ئێستایش هه‌ر له شاری سه‌قز دا ده‌ژی و دواین ساڵه‌کانی مامۆستایه‌تی له قوتابخانه‌کان دا تێئه‌په‌ڕێنێت.کد خبر:
184
slav
barhamakan dikay mamostash nishan bdan
پاسخ دهید