سه‌باره‌ت به شه‌ڕ
سه‌باره‌ت به شه‌ڕ
چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئالێن به‌دیۆ
وه‌رگێڕانی مه‌نسوور ته‌یفووری، عه‌لی حسه‌ینی
له فه‌لسه‌فه و تیۆری دهروونشکاریدا، شه‌ڕ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت، پرسی شه‌ڕ له فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوایی‌دا پرسێکی کۆن و به جۆرێک پیرۆزه و گه‌لێ فه‌یله‌سووفی له سوقرات و ئاگۆستینه‌وه تاکوو لایبنیتز و کانت، به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه. له به‌شێکی زۆری ئه‌م مێژووه‌دا، پرسی شه‌ڕ، پرسێکی تیۆلۆژیکاڵ بووه، پرسێک که له‌م رسته‌دا ده‌رده‌بڕا: ئه‌گه‌ر خودا قادر و دڵۆڤانه، چۆنه ده‌هێڵێ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه له جیهاندا هه‌بێ؟ له کانت به‌دوا، فه‌لسه‌فه به به‌ربڵاوی پێوه‌نده‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ تیۆلۆژیا بڕی و، به‌م بۆنه‌وه‌ش، پرسی شه‌ڕ کاڵبۆوه. وادیاربوو که شه‌ڕ چیدی پرسێکی فه‌لسه‌فی نییه‌و، بۆته بابه‌ت و پرسی هه‌ندێ زانستی وه‌ک ده‌روونناسی، کۆمه‌ڵناسی و بیۆلۆژی یان زینده‌وه‌رزانی. به‌ڵام، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا، گرووپێک فه‌یله‌سووف و تیۆریسیه‌نی جۆراوجۆر و جیاواز له ژێر کاریگه‌ریی به‌رهه‌مه‌کانی کانت و ژاک لاکاندا، گه‌ڕانه‌وه سه‌ر پرسی شه‌ڕ. ئه‌م چاوپێکه‌وتنه، دواندنی یه‌کێکه له‌و سیما ناسراوانه‌ی که ده‌ستیان داوه‌ته خوێندنه‌وه‌ی دووباره‌ی شوێن و پێگه‌ی شه‌ڕ له کۆمه‌ڵگا هاوچه‌رخه‌کاندا.
ساڵی 1993، ئالێن بهدیۆی فه‌یله‌سووف کتێبی ئه‌خلاق: وتارێک ده‌رباره‌ی تێگه‌شتن له شه‌ڕ ی بڵاوکرده‌وه، که شیکاری و ره‌خنه و داڕشتنه‌وه‌یه‌کی گوتاری شه‌ڕه له بیرکردنه‌وه‌ی هاوچه‌رخدا. به‌دیۆ له‌م کتێبه‌دا هه‌ر دوو ته‌فسیری تیۆلۆژیکاڵ و زانستیی شه‌ڕ، (ده‌روونناسانه و کۆمه‌ڵناسانه و هتد) به‌رپه‌رچده‌داته‌وه. به‌دیۆ خێر و شه‌ڕ له نێو بونیادی زه‌ینییه‌ت، سووژایه‌تی و ئازادیی مرۆڤدا ده‌گونجێنێ.
ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری کابینێت به‌هاری ساڵی 2001 بڕیاریدا ته‌وه‌رێک بۆ پرسی شه‌ڕ بکاته‌وه. [پاش یانزه‌ی سپته‌مبر] ئێمه به‌گوڕتر له کاتی یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌ران گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر ته‌وه‌ره‌کان، که [پێش سپته‌مبر] هێشتا له لامان خز و لێڵ و ئاڵۆز بوو و زۆربه‌ی جاریش سه‌باره‌ت به تێگه‌شتن و پێناسه و پانتای شه‌ڕ گرفت و کێشه‌مان هه‌بوو. خاڵی جێ سه‌رنجی ئێمه ته‌شه‌نه‌ی وێنه‌کانی شه‌ڕ بوو له کولتووری خه‌ڵکیی هاوچه‌رخدا و، له راستیدا وادیار بوو [ئه‌م ته‌شه‌نه‌یه] پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناتوانییهکی بنچینه‌یی هه‌یه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ پرسی شه‌ڕ له نێو زه‌مینه فه‌لسه‌فی، میتافیزیکی و ئایینیهکانیدا. پێشتر، وه‌ک نووسه‌رێک ده‌ڵێ، وادیار بوو که شه‌یتان مردووه. ئه‌گه‌رچی ناوه‌رۆکی ئه‌م ته‌وه‌ره هه‌ر ئه‌وه‌یه که ئێمه نۆ مانگ پێشتر قه‌رارمان له سه‌ر دابوو، به‌ڵام گومانی تێدا نیه که رووداوی پانزه‌ی سپته‌مبر سنووره‌کان و سه‌رچاوه‌کانی ته‌وه‌ره‌که‌ی گۆڕی. مانگی ئۆگۆست وشه‌ی شه‌یتان ده‌بووه هۆی شیلهبزه یان ته‌نانه‌ت پێکه‌نین؛ که‌چی مانگی نۆڤه‌مبه‌ر وانه‌بوو. له لایه‌کی دیکه‌وه، وادیاره که سه‌رنجڕاکێشیی به‌لاغیی بێبڕانه‌وه‌ی وشه‌ی شه‌ڕ، چیدی له مانگی سپته‌مبر به دوا به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌بۆته هۆی ورووژاندنی مشت و مڕێکی واقیعی له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مکه.
وت و وێژ له‌گه‌ڵ ئالێن به‌دیۆ مانگی جولای و ئاگۆستی 2001 و له رێگه‌ی ئیمایله‌وه سازدرا. به‌دیۆ پاش پانزه‌ی سپته‌مبه‌ر داوای کرد که دوایین پاراگرافی ئه‌م ده‌قه، به چاوپێکه‌وتنه‌که زیاد بکات. هه‌ندێک نووسه‌ری دیکه داوایان لێ‌کرا و هێشتیان که هه‌ندێ گۆڕانی که‌م له هه‌ندێ به‌شی ئه‌و شتانه‌دا که پێشتر وتبوویان، بکرێ.
پ: به پێی به‌ڵگاندنی ئێوه، له گوتاره فه‌لسه‌فی و سیاسیه‌کانی ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا: شه‌ڕ «به‌ڵگه‌نه‌ویست» یان «خۆدهخهره» ، ئه‌م بهڵگهنهویستیه و ئه‌م وێنه‌ی شه‌ڕ، هه‌ردووکیان، کێشه‌دارن. ئه‌و «وێنه گشتیه‌ی که هه‌موان له سه‌ری رێکه‌وتوون» چییه و گرفته‌که‌ی له کوێدایه؟
و: ئایدیای به‌ڵگه‌نه‌ویستی یان خۆنوێنیی شه‌ڕ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، مێژینه‌یه‌کی زۆری نییه. به بڕوای من مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆتایی شه‌سته‌کان. واته بۆ ئه‌و کاته‌ی که بزووتنه‌وه سیاسیه‌کانی ده‌یه‌ی 1960 کۆتای‌یان هات. ئێمه پاش ئه‌و ده‌یه، چووینه نێو خول و سه‌رده‌مێکی په‌رچه‌کردارانه و ناچالاکه‌وه، خولێک که من ناوم ناوه گه‌ڕانه‌وه. وه‌ک ده‌زانن، له فه‌ره‌نسا، گه‌ڕانه‌وه به مانای خولی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشایه‌تیه له ساڵی 1815، پاش شۆڕش و ناپلیۆن. ئێمه له وه‌ها خولێکداین.
ئێمه ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داریی لیبرال و سیستمه ساسیهکهی ئه‌و، واته پارلهمانخوازی، وه‌ک تاقه چاره‌سه‌ری سرووشتی و گونجاو ده‌بینین. ئه‌وڕۆکه هه‌موو ئایدیایه‌کی شۆڕشگێڕانه وه‌ک ئایدیاکی وه‌همی و تاوانکارانه سه‌یر ده‌کرێ. ئێمه ناچارکراوین بڕوا به‌وه بکه‌ین که بڵاوبوونه‌وه‌ی جیهانگیری سه‌رمایه‌داریی و ئه‌و شته‌ی که پێی ده‌گوترێ «دیمۆکراسی» خه‌ونی هه‌موو مرۆڤایه‌تیه. هه‌روه‌ها ناچاراکراوین وابزانین که هه‌موو جیهان پێویستی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مپریالیزمی ئه‌مریکا و، پۆلیسی سه‌ربازیی ئه‌مریکا، واته ناتۆیه.
له راستیدا، رێبه‌ران و پڕوپاگهندهچییهکانی ئێمه هه‌موویان باش ده‌زانن که سه‌رمایه‌داریی لیبرال بۆ زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی رژیمێکی یه‌کسانیخواز، عادڵانه و گونجاو نییه. ئه‌و خه‌ڵکه ده‌شزانن که دیمۆکراسی خه‌یاڵ و وه‌همه: ئه‌ی هێزی خه‌ڵک له کوێیه؟ کوا هێزی سیاسی گوندنشینانی جیهانی سێهه‌م و چینی کرێکاری ئه‌ورووپا و هه‌ژارانی هه‌موو دونیا؟ ئێمه له ناکۆکیه‌کدا ده‌ژین: دۆخی قه‌ومانی وه‌حشیانه و نایه‌کسانیی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی، دۆخێک که تێیدا بوونی مرۆڤ به پێی پاره هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ، که‌چی به دۆخی ئایدیال پێمان ده‌فرۆشرێ. پارێزه‌رانی واقیع و ده‌ستووری زاڵ، بۆ پاساودانی پارێزکاریهکهیان، ناڵێن ده‌ستوور و واقیعی زاڵ ده‌ستووری ئایدیال و هه‌ره باشه. له باتی ئه‌وه هاتوونه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بڵێن هه‌موو سیسته‌مه‌کانی دیکه تۆقێنه‌رن. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌وان ده‌ڵێن که دۆخی خێری ته‌واوه‌تی قه‌ت نایه‌ته دی؛ به‌ڵام به‌خته‌وه‌رین که ئه‌و دۆخه‌ی تێیدا ده‌ژین دۆخی شه‌ڕ نییه: دیمۆکراسیی ئێمه ته‌واو نییه، به‌ڵام له دیکاتۆریه خوێناویه‌کان باشتره؛ کاپیتاڵیزم ناعادڵانه‌یه، به‌ڵام به‌قه‌د ستالینیزم دڵڕه‌قانه و تاوانکار نییه؛ راسته ئێمه ده‌هێڵین ملیۆنان ئه‌فریقی به ئایدز بمرن، به‌ڵام ئێمه یارمه‌تی قسه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه و ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی وه‌ک قسه‌کانی میلۆشۆویچمان نه‌داوه؛ راسته ئێمه به فڕۆکه‌کانمان ئێراقیه‌کان ده‌کوژین، به‌ڵام وه‌ک رواندا به قه‌مه سه‌ریان نابڕین و هتد.
له به‌ر ئه‌وه‌شه که ئایدیای شه‌ڕ گرنگ و بنچینه‌یی بۆته‌وه. هیچ رۆشنبیرێک نییه لایه‌نگری له هێزی وه‌حشیانه‌ی سووکایهتیکهری پاره و پووڵ بکات یان له‌گه‌ڵ ئه‌و سووکایه‌تیه سیاسیه‌دا بێت که له شێوه‌ی به‌رگرتن به مافی ئازادی ده‌نگدانی خه‌ڵکدا ده‌رده‌که‌وێت، یان له‌گه‌ڵ سووکایه‌تی به کرێکاران هاوڕابێت؛ که‌چی زۆر که‌س لایان وایه شه‌ڕی راسته‌قینه له جێگه‌یه‌کی دیکه‌یه. کێ هه‌یه ئه‌وڕۆکه لایه‌نگری له وه‌حشه‌تی ستالینیستی، جینۆسایدی ئه‌فریقی و ئهشکهنجهچیانی ئه‌مریکای لاتین بکات؟ هیچ که‌س. لێره‌وه رێکه‌وتن له‌سه‌ر شه‌ڕ به زه‌قی خۆی ده‌رده‌خات. به بیانووی ئه‌وه‌ی که مل به شه‌ڕ ناده‌ین، کارمان گه‌شتۆته جێگه‌یه‌ک بڕوا به‌وه بکه‌ین که ئه‌گه‌رچی له خێر دوورین، به‌ڵام لانیکه‌م له باشترین دۆخێک‌دا که ده‌شێ ببێ ده‌ژین، با ئه‌م باشترین دۆخه زۆر باشیش نه‌بێ. سه‌ربه‌ندی «مافی مرۆڤ» هیچ نیه جگه ئایدۆلۆژیای سه‌رمایه‌داریی مۆدێرن: ئێمه به کۆمه‌ڵ ناتانکوژین، ئێمه له ئه‌شکه‌وته‌کاندا ئه‌شکه‌نجه‌تان ناکه‌ین، که‌وابوو ئێوه‌ش بێده‌نگ بن و ئه‌م گوێره‌که زێڕینه بپه‌ره‌ستن؛ به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که ئه‌م گوێره‌که ناپه‌رستن، یان ئه‌وانه‌ی بڕوایان به سه‌روه‌ریی ئێمه نییه، ئه‌وا هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریکا و ده‌ست و پیوه‌نده ئه‌ورووپاییه‌کانی هه‌رده‌م ئاماده‌ن بێده‌نگیان بکه‌ن. بیرتانه که تانه‌ت چێرچیل ده‌یگوت دیمۆکراسی (یان هه‌مان سیسته‌می سیاسی سه‌رمایه‌داریی لیبرال) باشترین رژێمی سیاسی نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه که به قه‌د سیسته‌مه‌کانی دیکه خراپ نییه. فه‌لسه‌فه، تا بووه، ره‌خنه‌ی له هه‌موو بڕوایه‌کی باو و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که به‌ڵگه‌نه‌ویست دیارن، گرتووه. بڕوای باو و به‌ڵگه‌نه‌ویست راده‌گه‌یه‌نێ ئه‌وه‌ی هه‌تانه بیپارێزن، چونکوو جگه له‌وه، هه‌رچی هه‌یه هی شه‌یتانه. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م بڕوا باوه به حه‌تمی ده‌بێ ره‌خنه و شه‌نوکه‌و بکرێت. هه‌ڵوێستی من ئه‌مه‌یه: پێویسته تیۆری هاوچه‌رخی شه‌ڕ، ئایدۆلۆژیای مافی مرۆڤ و چه‌مکی دیمۆکراسی به وردی هه‌ڵبسه‌نگێندرێن.
پێویسته نیشان بده‌ین که هیچکام له‌مانه مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و رزگاریی راسته‌قینه نابه‌ن، پێویسته «مافه‌کان» نه‌ک هه‌ر له پانتای سیاسه‌ت، به‌ڵکوو له ژیانی ههررۆژهدا، به پێی «حه‌قیقه‌ت» و «خێر» دابڕێژینه‌وه. توانای ئێمه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئایدیایه‌کی راسته‌قینه و پرۆژه‌یه‌کی راسته‌قینه، گرێدراوی ئه‌م داڕشتنه‌وه‌یه.
پ: ئێوه ده‌ڵێن که لای سه‌رمایه‌داریی لیبرال، شه‌ڕ هه‌میشه له شوێنێکی دیکه، له ده‌ره‌وه‌یه، ئه‌ویدییه‌کی تۆقێنه‌ره، سرمایهداریی لیبرال واده‌زانێ شه‌ڕ دوورکه‌وتۆته‌وه و جێی مه‌ترسی نییه. به‌ڵام ئاخۆ له سیسته‌می وێناسازیی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا، وێنه‌یه‌کی به هێز له شه‌ڕی ناوه‌کی (شه‌ڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، دهروونیشکارانه و بنه‌ماڵه‌یی) ئاماده نییه؟ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه، فیلم و ئه‌ده‌بی جه‌ماوه‌ری به ئایدیای شه‌ڕێک ئاخنرابوون که (له زه‌ین، له ماڵ، له دهروجیراندا) له بۆسه‌دایه. رووداوی تیمۆتی مه‌ک وه‌ی له ئه‌مریکا وه‌ک دیاره هه‌ندێ نیگه‌رانیی سیاسیی سه‌باره‌ت به «شه‌ڕی ناوه‌کی و ناخه‌کی» (له ناخی هه‌ر یه‌ک له ئێمه‌دا، یان له ناخی ئه‌مریکادا) تازه‌کردۆته‌وه. ته‌نیا مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ژنێکی خه‌ڵکی تێکزاز به ناوی ئه‌ندرێ یێتس که به پێی پلان و به‌رنامه پێنج منداڵی خۆی خنکاند، ئه‌م باسه‌ی له هه‌موو ئه‌مریکادا ورووژاند که ئاخۆ هه‌ر یه‌ک له ئێمه شتی وای پێ ناکرێت؟ به شێوه‌ی فه‌لسه‌فی، هۆگریی نوێ بو چه‌مکی «شه‌ڕی بنچینه‌یی»ی کانت، هه‌روه‌ها ته‌فسیری تازه‌ی لاکان بۆ شه‌ڕی بنچینه‌یی، وه‌ک دیاره له‌گه‌ڵ ئه‌م ئایدیای شه‌ڕی ناوهکیهدا (به ڕێژه‌ی شه‌ڕی ده‌ره‌کی و سیاسی) له یه‌ک خانه‌دان، له راستیدا، له به‌شی زۆری مێژووی رۆژئاوادا، وه‌ک دیاره شه‌ڕ وه‌ک شتێکی ناوه‌کی سه‌یرکراوه، وه‌ک شتێک که هه‌موومان گێرۆده‌ی ئه‌وین. که‌وابوو، ده‌پرسم: جگه له مانای شه‌ڕی«ده‌ره‌کی» که خۆت باسی ده‌که‌ی، ئایا ده‌رباره‌ی شه‌ڕی «ناوه‌کیش» هه‌روه‌ها بیر ئه‌که‌وێته‌وه؟ ئایا ئه‌م ئایدیا هه‌میشه‌ییه، ده‌رباره‌ی ئه‌م چرکه‌ساته‌ی مێژوومان شتێکی سه‌یرمان پێ ده‌ڵێ؟ ئایا پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ئه‌م دوو چه‌مکه‌ی شه‌ڕدا (ناوه‌کی و ده‌ره‌کی) ده‌بینی؟
و: له نێوان بروا به «خێر» بوونی دیمۆکراسی سه‌رمایه‌داری و بروا به بوونی «شه‌ڕ» له نێو هه‌موو تاکێکدا هیچ ناکۆکییه‌ک نییه. تیزی دووهه‌م (بوونی شه‌ڕ له ناخی هه‌ر یه‌ک له ئێمه‌دا) ته‌واکه‌ری ئه‌خلاقی و ئایینیی تێزی یه‌که‌مه، که تێزێکی سیاسیه (سه‌رمایه‌داری پارلمانی وه‌ک خێر). ته‌نانه‌ت پێوه‌ندییه‌کی لۆژیکی له نێوان ئه‌م دوو سه‌لماندن و بڕوادا هه‌یه که له خواره‌وه باسی ده‌که‌م:
1ـ مێژوو نیشانیداوه که سه‌رمایه‌داریی لیبرالی دیمۆکراتیک تاقه رژیمێکی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه که به حه‌قیقه‌ت مرۆڤانه‌یه و، ده‌قاوده‌قی خێری مرۆڤه.
2ـ هه‌موو رژێمێکی سیاسی دیکه، رژیمێکی سیاسی خوێناوی و تۆقێنه‌ر و به‌تاڵ له ئه‌قڵانییه‌ته.
3ـ به‌ڵگه‌ی ئه‌م وته‌ی پێشووش ئه‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌و رژێمه سیاسیانه‌ی که دژایه‌تی لیبرالیزم و دیمۆکراسییان کردووه، هه‌موویان له‌م سیمای شه‌ڕه‌دا هاوبه‌شن. هه‌ر بۆیه‌ش فاشیزم و کۆمۆنیزم، که به رواڵه‌ت دژی یه‌ک دیارن، له کردوه‌دا به ته‌واوی چونیه‌کن. هه‌ر دووکیان له خانه‌ی تووتالیتاریزمدان که دژی سه‌رمایه‌داریی دیمۆکراتیکه.
4ـ ئه‌م رژێمه تۆقێنه‌ره، ناتوانێ هیچ پڕۆژیهکی ئه‌قڵانی یان ئایدیایه‌ک ده‌رباره‌ی عه‌داڵه‌ت و شتی وه‌ک ئه‌و، به‌رهه‌م بێنێ. ئه‌وانه‌ی ئه‌م رژێمانه‌یان رێبه‌رایه‌تی کردووه بێسێودوو هه‌ندێ خراپه‌کاری نه‌خۆش بوون: پێویسته هیتله‌ر و ستالین به که‌ره‌سه‌ی «دهروونناسیی خراپه‌کاری» بخوێنرێنه‌وه. پێڕهوهکهرانیشیان، که هه‌زاران که‌س ده‌بوون، سڕی تووتالیتاریزم و، جادووه‌که‌ی بهخۆنامۆی کردبوون. ئه‌وه هێزه‌ی شه‌ڕ و شڵه‌ژان و هه‌ژانی تێکده‌ر بوو ئه‌وانی هاندا.
5ـ ئه‌گه‌ر هه‌زاران که‌س ده‌یانتوانی له‌م ئه‌رکه گێل و تاوانکارانه‌دا به‌شداری بکه‌ن، به ئاشکرا، له به‌ر ئه‌وه‌یه که له هه‌مووماندا توانا و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه شه‌یتان و شه‌ڕ شهیدامان بکات و بۆ لای خۆی رامانبکێشێت. ناوی ئه‌م ئه‌گه‌ر و شیمانه «رق له ئه‌ویدی»یه. به‌ره‌نجامه‌که‌شی ئه‌مه‌یه که: یه‌که‌م، ده‌بێ له هه‌مووکات و شوێنێکدا پشتیوانی له لیبرال دیمۆکراسی بکه‌ین؛ دووهه‌م، پێویسته مناڵه‌کانمان فێر بکه‌ین که خۆشویستنی ئه‌ویدی ئه‌رکێکی ئه‌خلاقییه.
رێک و راست هه‌ڵوێستی من ئه‌وه‌یه که ئه‌م جۆره «به‌ڵگاندن»ه ئایدۆلۆژیایه‌کی وه‌همیی رووته و هیچیتر. یه‌که‌م، سه‌رمایه‌داریی لیبرال به هیچ شێوه بۆ مرۆڤ «خێر» نه‌بووه. ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، سه‌رمایه‌داری لیبرال ئامێری به‌رهه‌مهێنانی دڕنده‌یی و نێهیلیزمی رووخێنه‌ره. دووهه‌م، شۆڕشه کۆمۆنیستیه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م نوێنه‌ری هه‌ندێ هه‌وڵی مه‌زنن بۆ خولقاندنی جیهانێکی مێژوویی و سیاسی له بن و بنچینه‌وه جیاواز. سیاسه‌ت مانای به‌ڕێوه‌بردنی هێزی ده‌وڵه‌ت نییه. سیاسه‌ت، به‌ر له هه‌موو شتێک، داهێنان و تاقیکردنه‌وه‌ی واقیعێکی ته‌واو کۆنکرێت یان په‌یوه‌ست و تازه‌یه. سیاسه‌ت خولقاندنی بیر و هرزه. ئه‌و لێنینه‌ی که ده‌بێ چی بکه‌ین؟، ئه‌و ترۆتسکییهی که مێژووی شۆڕشی رووسیا و، ئه‌و مائۆزێندۆنگهی که کێتبی ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌رکردنی درووستی ناکۆکیه‌کانی نێوان خه‌ڵک یان نووسی، هه‌ندێ هه‌ڵکه‌وتووی رۆشنبیرن، که ده‌کرێ له‌گه‌ڵ فرۆید و ئه‌نشتاین به‌راوردیان بکه‌ین: بێگومان سیاسه‌تی رزگاری یان سیاسه‌تی یه‌کسانیخواز، ئائێسته نه‌یتوانیوه کێشه‌ی هێزی ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌و سیاسه‌تانه وهحشهتێکیان تاقیکردۆته‌وه که بێ‌مانا و که‌ڵک که‌وتۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌بێ هانمان بدات که ده‌ست بده‌ینه کێشه‌که له‌و جێگه‌دا که ئه‌وان به‌جێیان هێشتووه ـ له باتی ئه‌وه‌ی بچنه ریزی دوژمنی ئه‌وانه‌وه، واته ریزی ئه‌مپریالیزم و کاپیتالیزم. سێهه‌م، وته‌زای «تووتالیتاریزم» له بواری رۆشنبرانهوه زۆر کورتبڕه. له به‌ره‌ی کۆمۆنیزمدا مه‌یلێکی هه‌مه‌گیر یان یۆنیوێرساڵ بۆ رزگاری ئاماده‌یه، که‌چی، له به‌ره‌ی فاشیزمدا جه‌خت له سه‌ر ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه ده‌کرێ. کۆمۆنیزم و فاشیزم دوو پرۆژه‌ن له بن و بنه‌ڕه‌ته‌وه جیاواز. ململانێی نێوان ئه‌م دوانه، له ڕاستیدا، بریتی بووه له ململانێی نێوان ئایدیای سیاسه‌تی هه‌مه‌گیر و ئایدیای سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌گه‌ز په‌ره‌ست. چواره‌م، به کار هێنانی وه‌حشه‌ت له هه‌ل و مه‌رجی شۆڕشگێڕانه یان له جه‌نگی ناوخۆدا به هیچ شێوه ته‌عبیر نییه له گێلیی رێبه‌ران و شه‌ڕوانان، یان به مانای ئه‌وه نییه که شه‌ڕ یان شه‌یتان له ناخیاندایه، تیرۆر که‌ره‌سه‌یه‌کی سیاسییه که به درێژایی کۆمه‌ڵگای مرۆیی هه‌بووه. هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ده‌بێ ترۆر و وه‌حشه‌ت وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی سیاسی لکبدرێتهوه و، نابێ دادهوهرییهکی ئه‌خلاقیی منداڵانه‌ی له سه‌ر بکرێ. پێویسته ئه‌مه‌ش زیاد بکه‌ین چه‌ندین جۆر تیرۆر هه‌یه، وڵاته لیبراله‌کانی ئێمه باش ده‌زانن چۆن به کاری بێنن. ئه‌رته‌شی گه‌وره‌ی ئه‌مریکا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆقێنه‌رانه له ئاستێکی جیهانیدا به کار دێنێ و، له هه‌مانکاتیشدا ئه‌و زیندان و ئێعدامانه‌ی له ناوخۆی ئه‌مریکادا به کار ده‌هێنرێن، که‌متر توندوتیژ نین. پێنجه‌م، تاقه تێورێکی رێک و پێک ده‌رباره‌ی سووژه هه‌بێ (که بۆ گاڵته ده‌بێ بڵێم، هی منه) هیچ مه‌یلێکی تایبه‌تی له سووژه‌ی ئینسانی‌دا به‌ره‌و شه‌ڕ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت تێوری «پاڵنه‌ری مه‌رگ»ی فرۆیدیش تایبه‌ت به شه‌ڕه‌وه نه‌به‌ستراوه. پاڵنه‌ری مه‌رگ به‌شێکی پێویستی پرۆسه‌ی هه‌ڵکشاندن و خولقاندنه، هه‌ر چۆن به‌شێکی دانه‌بڕاویشه له قه‌تڵ و خۆکوشتن. له‌سه‌ر ئه‌شق بۆ ئه‌ویدیش، یان خراپترهکهی واته «داننان به ئه‌ویدیدا»، ده‌ڵێم ئه‌مانه ته‌نیا هه‌ندێ گه‌وج خه‌ڵه‌تێنی مه‌سیحین. له راستیدا شتێک نییه ناوی «ئه‌ویدی» بێت، ته‌نیا پرۆژه فیکرییه‌کان، یان پرۆژه کرده‌ییه‌کان هه‌ن و به پێی ئه‌وانه که ئێمه دیاریده‌که‌ین کێ دۆسته، کێ دوژمنه و کێ بێلایه‌ن. زانینی ئه‌وه‌ی کێ پێمان دوژمنه یان کێ بێلایه‌نه، گرێدراوی ئه‌و پرۆژه‌یه که پێوه‌ی خه‌ریکین، ئه‌و بیره‌ی پێکی دێنێ و، هه‌روه‌ها ئه‌و دۆخه‌ی په‌یوه‌ستیه‌تی (پرسیاری وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئاخۆ پرۆژه‌که له چوونه پێشدایه؟ ئاخۆ مه‌ترسییه‌کی زۆری تێکه‌ڵه؟ و هتد …).
پ: به پێی ئه‌و شته‌ی وتتان، له‌وانه‌یه مرۆڤ چاوه‌ڕێبکات ئێوه ئه‌وپه‌ڕ بگرن و به پێچه‌وانه‌ی روانینی باو رابگه‌یه‌نن سه‌رمایه‌داریی لیبرال خۆی «شه‌ڕ»ه. که‌چی ئێوه وه‌ها ناکه‌ن و له باتی ئه‌وه تیۆرێکی دیکه ده‌رباره‌ی شه‌ڕ داده‌رێژن.
و: ئه‌گه‌ر من ئهوپهڕم بگرتایه‌ت، وه‌ک ئێوه ده‌ڵێن، ئه‌وسا هه‌موو شتێکم وه‌ک خۆی هێشتبۆوه. راگه‌یاندنی ئه‌مه‌ی که سه‌رمایه‌داریی لیبرال شه‌ڕه، هچ شتێک ناگۆڕێت. ئه‌گه‌ر وام بکردایه‌ت سیاسه‌تم کردبوه پاشکۆی ئه‌خلاقیاتی مه‌سیحی و ئومانیستی: ئه‌وساش ده‌مگوت ده‌ی با بچینه جه‌نگی شه‌ڕ. به‌ڵام من چیدی له «شه‌ڕ کردن دژی»، «هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه»، «تێپه‌ڕاندن له» «راگه‌یاندنی کۆتاییهاتنی» و ئه‌م شتانه ماندووم. من حه‌ز ده‌که‌م بۆ شتێک خه‌بات بکه‌م. فه‌لسه‌فه‌که‌ی من تامه‌زرۆی سه‌لماندنه، حه‌ز ده‌که‌م بزانم چیم بۆ «خێر» هه‌یه تاکوو به کاری بێنم.
من به گوتاری «که‌مترین راده‌ی شه‌ڕ» قایل نیم. ئه‌وڕۆکه قانعبوون بۆته باو و داوا ده‌کرێ که‌س به‌رزه‌فڕیی فیکری نه‌کات، ئه‌وڕۆکه ده‌وترێ مه‌زنبوون و شکۆ شه‌ڕێکی میتافیزیکییه. من هۆگری مه‌زنیم، من هۆگری ئازایه‌تیم، من هۆگری سه‌لماندنی بیر و کرده‌وه‌م.
بێگومان پێویسته تیۆرێکی دیکه سه‌باره‌ت به شه‌ڕ دابڕێژرێت. به‌ڵام وا باشتره بڵێم، له بنه‌ڕه‌تدا تیۆرێکی دیکه سه‌باره‌ت به خێر پێویسته. تێگه‌شتنی راست و درووست له شه‌ڕ گرێدراوی پرسیاره له خێر. وازهێنان و ده‌ست لێبه‌ردان هه‌میشه شه‌ڕه. وازهێنان له [به‌دێهێنانی] سیاسه‌تی رزگاریده‌ر، وازهێنان له ئه‌شقێکی به کوڵ، وازهێنان له خولقاندنی هونه‌ری … شه‌ڕ ئه‌و چرکه‌ساته‌یه که منی مرۆڤ واز بێنم و پشت بکه‌مه ئه‌و خێره‌ی که رامدهچهنێ.
ئه‌و پرسیاره راسته‌قینه‌ی که له پرسیار له شه‌ڕدا شاراوه‌ته‌وه ئه‌مه‌یه: خێر چییه؟ تێکڕای فه‌لسه‌فه‌که‌ی من ته‌قه‌للایه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره. له به‌ر هه‌ندێ هۆی ئاڵۆز ، من خێر ناوده‌نێم «حه‌قیقه‌ته‌کان» (له دۆخی کۆدا). حه‌قیقه‌ت پرۆسه‌یه‌کی په‌یوه‌سته که به راپه‌ڕین و وهرچهرخانێکهوه ده‌ست پێده‌کات (رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ک، شۆڕشێکی هه‌مه‌گیر یان یۆنیوێرساڵ، داهێنانێکی تازه و سه‌یر و سه‌مه‌ره) و به وه‌فاداری بۆ ئه‌و شته تازه‌ی که تاقیده‌کرێته‌وه، گه‌شه ده‌کات و په‌ره ده‌ستێنێ. که‌وابوو حه‌قیقه‌ت په‌ره‌سه‌ندنێکی سووژهداری ئه‌و شته‌یه که له یه‌ککاتدا هه‌م نوێیه و هه‌م هه‌مه‌گیره: نوێ؛ واته ئه‌و شته‌ی که له ده‌ستووری خولقاندندا به‌دینه‌کراوه. هه‌مه‌گیر: واته ئه‌و شته‌ی که ده‌توانێ هه‌موو تاکێکی مرۆیی، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی که مرۆڤه بگرێته‌وه (ئه‌و شته‌ی که من پێی ده‌ڵێم مرۆڤێتیی ژێنریک یان گشتی)، به سووژه‌بوون ( و نه‌مانه‌وه له دۆخی حه‌یوانی رووتدا) پێویستی به به‌شداریکردنه له‌و شته تازه‌دا که خه‌ریکه له‌دایک ده‌بێ، ئه‌مه‌ش پێویستی به ته‌قه‌للا، به‌رخۆدان و کۆڵنه‌ده‌ری و، هه‌ندێ جاریش خۆ به‌ختکاریی پێویسته. زۆرجار ده‌ڵێم که مرۆڤ له رێگه‌ی حه‌قیقه‌تدا ده‌بێ «لێوه‌شاوه» و «ئازا» بێت. خۆپه‌رستیی هه‌موو کاتێک شه‌ڕه و ده‌بێته هۆێ کشانه‌وه له حه‌قیقه‌ت و ئینکارکردنی حه‌قیقه‌ت. کهواشبوو که‌سه‌کان له بکه‌ری و سووژهیهتیی حه‌قیقه‌ت ده‌که‌ون. بهرژهوهندیپهرستیی خۆپه‌رستانه مرۆڤ به هه‌ڵه‌دا ده‌بات و، هه‌ڵوێسته و ته‌گه‌ره ده‌خاته نێو ره‌وتی گه‌شه‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه (به‌م پێیه‌ش تهگهرهیهکه له ره‌وتی خێردا).
ده‌توانین شه‌ڕ به‌م جۆره پێناسه بکه‌ین: شه‌ڕ مانای هه‌ڵوێسته و ته‌گه‌ره که‌وتنه نێو ره‌وتی حه‌قیقه‌ت به زه‌ختی حه‌ز و خواستی تاکی و هه‌نده‌کی. ته‌نانه‌ت ئه‌و نموونه‌ش که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا ـ ئه‌و ژنه‌ی که پێنج منداڵه‌که‌ی خۆی خنکاندبوو ـ زاده‌ی ئه‌م روانگه‌یه بۆ شته‌کان. ئه‌و باسه‌ی ئێوه [له‌سه‌ر شه‌ڕی ناخه‌کی] هێناتانه ئارا بێمانایه: دیاره، هه‌موو که‌سێک له‌وانه‌یه هه‌موو شتێک بکات. ده‌توانین گه‌لێ مرۆڤی چاک بدۆزینه‌وه که ده‌بنه ئهشکهنجهچی، یان هاوڵاتیی ئاشتیخواز که له به‌ر شتی بێبایه‌خ و سووک گۆڕاون بۆ خه‌ڵکانێکی بێڕه‌حم. زانینی ئه‌م شته‌ش شتێکی ئه‌وتۆ و تازه نییه. ئه‌مه ته‌نیا بیرمان دێنێته‌وه که مرۆڤ، له چه‌شنی حه‌یوانه و گرێدراوی حه‌ز و ویسته نزمه‌کانی خۆیه‌تی و، ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م که سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رمایه‌دارانه به ته‌نیا هه‌ر قانوونی و رهسمیکردنهوهی ئه‌م سوود و بهرژهوهژندییانهیه.
ئه‌م شتانه پێوه‌ندییان به خێر و شه‌ڕه‌وه نییه، ئه‌مه ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌رێسای هانده‌ر و غه‌ریزه‌کانی مرۆڤه‌وه هه‌یه. سه‌ره‌تای پرسیار له شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاته‌ی که مرۆڤ بتوانێ بڵێ خه‌ریکه له چ جۆره خێرێک ده‌دوێ. دڵنیام که قه‌تڵی ئه‌و پێنج منداڵه به کرده‌وه به ئێنکاری وه‌حشیانه‌ی خێره‌وه به‌ستراوه، ئه‌ویش له شێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی ئاشقانه‌دا. به هه‌ر چه‌شنه، ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دایه که دوان له شه‌ڕ شتێکی بێ‌مانا نابێ. ئه‌مه بیری ئه‌فسانه‌ی مێدێئامان ده‌خاته‌وه. مێدێئاش منداڵه‌کانی خۆی کوشت و ئه‌مه‌ش شتێکی شه‌ڕ نییه، به مانای تراژیکی زاراوه‌که، چونکوو ئه‌م کوشتنه به ته‌واوی پێوه‌ندیی به ئه‌شقی مێدێئاوه هه‌یه بۆ جهیسێن.
پ: که‌واته، به‌ڕای ئێوه، مرۆڤ له‌و لایه‌نه‌وه که حه‌یوانه، له ده‌ره‌وه‌ی پانتای خێر و شه‌ڕدایه (که واشبوو بۆ نموونه کرده‌وه‌ی وه‌ک ئه‌شکه‌نجه به مانای واقیعی وشه‌که «شه‌ڕ» نین)؟ ئایا به سووژه بوون (و نه‌مانه‌وه له پله‌ی حهیوانیدا) ئه‌رکێکی ئه‌خلاقیی مرۆڤ نییه؟ به‌م پێیه‌ش، ئاخۆ سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی مرۆڤ له بهسووژهبووندا شکستێکی ئه‌خلاقی نییه؟
و: ئه‌م پرسیاره به کرده‌وه دوو تێگه‌شتنی باو له ئه‌خلاقیات (و هه‌ر بۆیه‌ش دوو تێگه‌شتنی باو له جیاوازی نێوان خێر و شه‌ڕ) تێکه‌ڵ ده‌کات: تێگه‌شتنی «سرووشتی» که له بیر و راکانی ژان ژاک رۆسۆوه دێت و، تێگه‌شتنی «فۆرماڵ» یان شێوه‌یی که له تێگه‌شتنی کانته‌وه دێت:
1ـ به پێی تێگه‌شتنی «سرووشتی» بۆ ئه‌خلاق، هه‌موو مرۆڤێک له نه‌ست و ویژدانی خۆیدا لێی روونه چی خراپه. به‌م پێیه شه‌ڕ ته‌نیا مرۆڤی نێو پله‌ی حه‌یوانی ده‌گرێته‌وه. نموونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌شکه‌نجه‌یه.
2ـ به پێی ئه‌خلاقیاتی «شێوه‌یی» [کانتی] ته‌کلیف یان ئه‌رکێکی هه‌مه‌گیر هه‌یه که له سه‌رووی هه‌موو دۆخێکی تایبه‌ت و ههندهکییهوهیه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش شه‌ڕێکی هه‌مه‌گیر هه‌یه سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو دۆخێکی تایبه‌ت و تاکه‌که‌سی. نموونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌و ئه‌رکه‌یه که، سووژایه‌تی و په‌ڕینه‌وه له خودی حه‌یوانی نێو ناخی مرۆڤ، ده‌خاته ئه‌ستۆی هه‌موو مرۆڤه‌وه. خراپه به‌ر به گۆڕان بۆ سووژه‌یه‌کی مرۆیی ته‌واو بگرێت، گرنگ نییه ئه‌م گۆڕانه به کامه مانای تایبه‌تی بێت.
هه‌ڵبه‌ت با بڵێم که من به ته‌واوی دژی ئه‌م دوو بۆچوونه‌ی پێشووم. به بڕوای من له پله‌ی حهیوانیدا خێر و شه‌ڕێک له کاردا نییه. هه‌روه‌ها لام وایه ئه‌و ئه‌رک و پێویستییه ئه‌خلاقیه‌ی که له چه‌مکی «فه‌رمانی ره‌ها»ی کانتدا ده‌رده‌که‌وێت، هه‌ر نییه. نموونه‌ی ئه‌شکه‌نجه له به‌ر چاو بگرن. له ژیارێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک ئیمپراتۆریای رۆمدا ئه‌شکه‌نجه نه‌ک هه‌ر وه‌ک شه‌ڕ سه‌یر نه‌ده‌کرا، ته‌نانه‌ت وه‌ک دیمه‌نێکی خۆشیش چێژی لێ ده‌بینرا. له گۆڕه‌پان و یاریگاکاندا خه‌ڵک ده‌کرانه خۆراکی پڵنگه‌کان؛ به زیندوویی ده‌سووتێنران؛ بینه‌ران چێژیان له قوڕگهدڕێی جه‌نگاوه‌ران ده‌بینی. که‌وابوو، چۆن ده‌توانین بڵێین ئه‌شکه‌نجه بۆ هه‌موو مرۆڤێک که له پله‌ی حهیوانیدایه، شه‌ڕه؟ ئایا ئێمه هه‌موومان هه‌ر ئه‌و حه‌یوانه نین که سێنێکا و ئاریلیۆس بوون؟ پێویسته ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م که هێزی سه‌ربازیی وڵاته‌که‌ی من، فه‌ره‌نسا، به ره‌زامه‌ندیی حکوومه‌ته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و به هاوڕایی زۆرینه‌ی بیروڕای گشتی، به درێژایی جه‌نگی ئه‌لجه‌زایه‌ر هه‌موو زیندانیه‌کانیان ئه‌شکه‌نجه ده‌کرد. مه‌نع و ناڕهواکردنی ئه‌شکه‌نجه دیارده‌یه‌کی مێژوویی و کولتوورییه، نه‌ک دیارده‌یه‌کی سرووشتی. ئه‌و مرۆڤه‌ی له پله‌ی حهیوانیدا نییه، هه‌ر به قه‌د ئازار و سته‌م به‌زه‌یی و ره‌حمیش ده‌ناسێت؛ هه‌ردووکیان به قه‌د یه‌ک سرووشتین و پێوه‌ندییان به خێر و شه‌ڕه‌وه نییه. جاری وایه هه‌یه مرۆڤ ده‌که‌وێته هه‌ندێ دۆخه‌وه که تێیدا بێڕه‌حمی پێویسته و به که‌ڵکیش؛ هه‌روه‌ها هه‌ندێ دۆخیش هه‌ن که تێیاندا به‌زه‌یی و ره‌حم ته‌نیا سووکایه‌تیکردنن به ئه‌ویدی. هیچ شتێک له بونیادی بوونی حه‌یوانیی مرۆڤدا نییه که بنچینه‌ی شه‌ڕ یان خێر بێت.
هه‌روه‌ها حاڵی چاره‌سه‌ری شێوهییش هیچ له‌مه‌ی پێشوو باشتر نییه، ئه‌رکی به سووژه‌بوون بێ مانایه، چونکوو: ئه‌گه‌ری گۆڕان بۆ سووژه گرێدراوی ئێمه نییه، ئه‌م ئه‌گه‌ره گرێدراوی ئه‌و رووداوه‌یه که هه‌میشه له دۆخێکی تاقانه‌دا رووده‌دات. جیاکاریکردن له نێوان خێر و شه‌ڕدا، له پێشدا سووژه‌یه‌کی تێداگریمان کراوه، ناتوانی زۆر پێبه‌ندی بیت. شه‌ڕ ته‌نیا به‌نیسبه‌ت سووژه‌وه راسته، نه‌ک به نیسبه‌ت بوونێکی حهیوانیهوه که هێشتا له دۆخی پێش سووژهییدایه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر من له کاتی داگیرکردنی فه‌ره‌نسا له لایه‌ن نازیه‌کان، ببوومایه ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری، ئه‌وکات ده‌که‌وتمه نێو [پرۆسه‌ی] بوون به سووژه‌یه‌کی مێژووییه‌وه، له جه‌نگه‌ی ئه‌م به سووژهبوونهدایه که من ده‌توانم بڵێم شه‌ڕ چییه (خیانه‌ت له هاوڕێکان، هاریکاریی له‌گه‌ڵ نازیه‌کان و هتد). هه‌روه‌ها ده‌توانم بڕیار بده‌م [له ده‌قی ئه‌م پرۆسه‌دا] که خێر له ده‌ره‌وه‌ی نۆرمه باوهکانهوهیه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش، مارگریت دۆراسی نووسه‌ر ده‌گێڕێته‌وه که چۆن به هه‌ندێ هۆ که پێوه‌ندییان به بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی دژنه نازییه‌وه هه‌بوو، به‌شداریی ئه‌شکه‌نجه‌کردنی خیانه‌تکاره‌کانی کردووه. هه‌موو جیاوازیه‌کی نێوان خێر و شه‌ڕ ره‌گی له ناخی ئه‌م به سووژهبوونهدایه و به پێی ئه‌م پرۆسه‌ی سووژایهتیهش گۆڕانی به سه‌ردا دێت (ئه‌و شته‌ی من پێی ده‌ڵێم فه‌لسه‌فه، واته بوونبه و به‌دیهاتنی حه‌قیقه‌تێک). به کورتی: هیچ پێناسه‌یه‌کی سرووشتی بۆ شه‌ڕ نییه؛ شه‌ڕ هه‌میشه ئه‌وه‌یه که له دۆخێکی تایبه‌تدا، ده‌بێته هۆی لاوازکردن و رووخاندنی سووژه. هه‌روه‌ها، چه‌مکی شه‌ڕ به ته‌واوی گرێدراوی ئه‌و رووداوانه‌یه که لێیانه‌وه سووژه‌یه‌ک خۆی دێنیتهدی. ئه‌وه سووژه‌یه دیاریده‌کات شه‌ڕ چییه، نه‌ک ئایدیای سرووشتی شه‌ڕ، که سووژه‌ی ئه‌خلاقی پێناسه ده‌کات. هه‌روه‌ها هیچ «فه‌رمانێکی شێوه‌یی» ره‌هاش نییه که شه‌ڕی پێ پێناسه بکرێ، ته‌نانه‌ت به لایه‌نی نێگهتیڤیشدا. له راستیدا هه‌موو فه‌رمانه ره‌هاکان واگریمان ده‌که‌ن سووژه‌ی ئه‌م فه‌رمانه ره‌هایه له پێشدا هه‌یه، ئه‌ویش له هه‌ل و مه‌رجێکی تایبه‌تدا. هه‌ر له به‌م ئه‌مه‌شه که هیچ شێوه‌یه‌کی گشتیش بۆ شه‌ڕ له ئارادا نییه [ که به پێی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانه رههایهدا دۆزرابێته‌وه]. چونکوو شه‌ڕ له ده‌ره‌وه‌ی دادوهریکردنهوه بوونی نییه، دادوه‌ری له لایه‌ن سووژهیهکهوه و، له دۆخێکی تایبه‌تدا و، به پێی ئه‌نجامه‌کانی کرده‌وه‌ی سووژه خۆی له‌م دۆخه تایبه‌ته‌دا. به‌م پێیه، هه‌مان کرده‌وه، (بۆ نموونه کوشتن) له‌وانه‌یه له دۆخێکی سووژه‌یی تایبه‌تدا شه‌ڕ بێت و، له زه‌مینه و دۆخێکی سووژه‌یی دیکه‌دا یه‌کێک بێت له مه‌رجه‌کانی به‌دیهاتنی خێر.
ده‌بێ جه‌خت بکه‌مه‌وه که حوکمی «رێز بۆ ئه‌ویدی» [مه‌سیحی] هیچ شتێکی بۆ پێناسه‌یه‌کی جیددیی خێر و شه‌ڕ پێ نییه. کاتێ خه‌ریکی جه‌نگی دژی دوژمنێک، ئیدی فه‌رمانی «رێز بۆ ئه‌ویدی» چ مانایه‌کی هه‌یه، کاتێ ژنه‌که‌ت بۆ که‌سێکیتر خراپ خیانه‌تی لێ کردووی، کاتێ مرۆڤ ده‌بێ دادوه‌ری له سه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ریی نزم بکات، کاتێ زانست له‌گه‌ڵ داروده‌سته جاهیلهکاندا ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بێ و هتد، [فه‌رمانی «رێز بۆ ئه‌ویدی» چ مانایه‌کی هه‌یه]. زۆرجار، «رێز بۆ ئه‌ویدی» زیانبار و شه‌ڕه، به تایبه‌ت کاتێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌ویدی یان بێزاری له ئه‌ویدی کرده‌وه‌یه‌کی عادڵانه‌ی سووژهیانه به‌رهه‌م بێنێت. له دۆخی وه‌هادایه (دۆخی وه‌ک ململانێی توند و تیژ، گۆڕانی بنچینه‌یی، ئه‌شقی به کوڵ و خولقاندنی هونه‌ری) که پرسیار له شه‌ڕ به درووستی بۆ سووژه ده‌بێته پرس. شه‌ڕ وه‌ک شتێکی سرووشتی یان یاسای حه‌تمی، بوونی نییه. شه‌ڕ له پرۆسه‌ی تاقانه و بێ نموونه‌ی حه‌قیقه‌تدا ئاماده ده‌بێ و گۆڕانی به سه‌ردا دێت.
پ: له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا وتتان که پێویسته «مافه‌کان» نه‌ک هه‌ر له پانتای سیاسه‌ت، به‌ڵکوو له پانتای ژیانی هه‌ر رۆژه‌شدا، به پێی خێر و حه‌قیقه‌ت دابڕێژینه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ بڵێن ئه‌خلاقی حهقیقهتتهوهر چۆن ده‌توانێ له کرده‌وه‌دا کاری پێ بکرێت و، چۆن ده‌توانێ جیگه‌ی چه‌مک و مانای باوی «مافی مرۆڤ» بگرێته‌وه؟
و:با له نموونه‌یه‌کی نزیکه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین: هێرشی دڕندانه و تۆقێنه‌ری 11ی سپته‌مبر له نیۆیۆرک که هه‌زاران قوربانیی خسته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی تۆ بۆ ئه‌م رووداوه به پێی مافی مرۆڤ بێت، ئه‌وسا له‌گه‌ڵ پرێزیدێنت بووشدا یه‌کده‌نگ ده‌ڵێی: «ئه‌مانه تاوانێکی ترۆریستین. ئه‌مه جه‌نگی خێره دژی شه‌ڕ». به‌ڵام ئایا سیاسه‌ته‌کانی بووش، بۆ نموونه له فه‌له‌ستین و ئێراقدا به راستی خێرن؟ ئایا به وتنی ئه‌مه‌ی که ئه‌م که‌سانه شه‌یتانن، یان به وتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌مانه مل به مافی مرۆڤ ناده‌ن، ده‌توانین شتێک له بیر و بڕوای ئه‌و که‌سه‌ی خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه تێبگه‌ین؟ ئایا به هۆی سیاسه‌تی به‌تاڵ له به‌ها و داهێنانی هێزه رۆژئاواییه‌کان و به تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی ئامریکاوه ناهومێدی و توندوتیژییه‌کی زۆر باڵی به سه‌ر جیهاندا نه‌کێشاوه؟ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر تاوانێک، به تایبه‌ت تاوانه تۆقێنه‌ره‌کان، ده‌بێ به پێی حه‌قیقه‌ته سیاسیه به‌رهه‌ست و په‌یوه‌سته‌کان بیربکه‌ینه‌وه و کاربکه‌ین، له باتی ئه‌وه‌ی که جڵه‌وی ئه‌قڵ و کرده به هه‌ر چه‌شنێکی ئه‌خلاقییه‌تی کڵێشه‌یی بسپێرین. هه‌موو جیهان زانیویانه پرسیاری راسته‌قینه چییه: چۆنه سیاسه‌تی هێزه رۆژئاواییه‌کان، ناتۆ، ئه‌رووپا و ئه‌مریکا، ده‌رهه‌ق به دوو له سێی خه‌ڵکی گۆی زه‌وی ناعادڵانه‌یه؟ چۆنه کۆژرانی پێنج هه‌زار که‌س جه‌نگێک ده‌نێته‌وه، که‌چی کوژرانی پێنسه‌دهه‌زار که‌س له رواندا و، مردنی پرۆژهداری ده‌یان ملیۆن که‌س له ئه‌فریقا به ئایدز ناوی نانرێت ده‌ستدرێژی و په‌لامار؟ چۆنه بۆمبارانکردنی هاوڵاتیانی ئه‌مریکی شه‌ڕه، که‌چی بۆمبارانکردنی به‌غدا و بێلگراد له خولی خۆماندا و، بۆمبارانی هانۆی و پاناما له رابردوودا، خێره؟ ئه‌و ئه‌خلاقه حهقیقهتتهوهرهی من جه‌ختی له سه‌ر ده‌که‌م زاده‌ی دۆخه بهرههستهکانه، نه‌ک زاده‌ی مافناسییهکی ده‌رهه‌ست یان شه‌ڕێکی شانۆیی. هه‌موو جیهان له‌م دۆخه تێگه‌شتووه و، هه‌موو جیهان ده‌توانێ بێلایه‌نانه له‌م دۆخه ستهمزادهدا کار و چالاکی بکات. شه‌ڕی سیاسه‌ت به‌رچاو و زه‌قه: نایه‌کسانییه‌کی ره‌ها له ژیان، سامان و، هێز و ده‌سه‌ڵاتدا. خێر یه‌کسانییه. تا که‌ی له به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌دا که هه‌یه لێبورده بین: [کاره‌ساتی وه‌ک ئه‌وه‌ی که] به پاره‌ی ئه‌و عه‌تر و بۆنانه‌ی له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده رۆژئاواییه‌کان، له یه‌کساڵدا به کار ده‌هێنرێ، ده‌کرێ ئاوی پاک و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و خواردنی پێویستی هه‌موو مرۆڤایه‌تیی دابین بکرێ. ئه‌م پرسیاره نه پێوه‌ندیی به مافی مرۆڤه‌وه هه‌یه و نه به ئه‌خلاقیاته‌وه. پرسه‌که، پرسی خه‌باتێکی بنه‌ڕه‌تیه بۆ یه‌کسانی هه‌موو خه‌ڵکی زه‌وی، جه‌نگێکی به ته‌واوی مانایه دژی یاسای به‌رژه‌وه‌ندی په‌ره‌ستی، له ئاستی تاکه‌کاندا بێت یان له ئاستی نه‌ته‌وه‌کاندا.
هه‌ر به‌م پێیه پێناسه‌ی خێریش به‌مجۆره ده‌بێ: خێر له کاری هونه‌ریدا بریتیه له داهێنانی ئه‌و فۆرمه تازانه‌ی که مانای جیهانیان تێدایه. خێر له زانست‌دا بریتییه له ئازایه‌تی و بوێری بیرکردنه‌وه و، خۆشیی مه‌عریفه و ناسینی ته‌واوه‌تی. خێر له ئه‌شقدا تێگه‌شتنه له‌وه‌ی جیاوازیی به حه‌قیقه‌ت چیه و تێگه‌شتنه له‌وه‌ی که چ شتێک جیهانێکی دیکه درووست ده‌کات، کاتێ یه‌ک ده‌بێته دووان و، چیدی تاق نییه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش، شه‌ڕ کاوێژ و سووڕی نه‌زۆکی ئاکادێمیک و بازرگانیی «کولتووری»یه؛ مه‌عریفه ئێسته بۆته نۆکه‌ری زیادکردنی قازانجی کاپیتاڵیستی، جنسییهتیش ئێسته بۆته به‌نده‌ی چێژپهرستیی رووت. دووپاتیدهکهمه: ئه‌مانه ئه‌زموونی هه‌موو جیهانن. ئه‌خلاقیاتی حهقیقهتتهوهر، له دۆخی به‌رهه‌ست و دیاردا، شه‌ڕکردنه بۆ حه‌قیقه‌ت دژی چوار فۆرمی بنه‌ڕه‌تیی شه‌ڕ: جههلپهرستی، ئاکادێمیسمی بازرگانیانه، سیاسه‌تی سوود و نایهکسانیتهوهر، به‌ربه‌رییه‌تی جنسی.
سه‌رچاوه:
Cabinet Magazine Online-On Evil: An Interview with Alain Badiou.کد خبر:
4932